له‌مه‌ولا شه‌ربه‌تی خۆماڵی ده‌خۆینه‌وه‌

+964
هێڤی دێوالی – دهۆک

لە پارێزگای دهۆک چەند کارگەیەک دروست دەکرێن بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکان، کە دەرفەتی کار بۆ ٥٠٠ کەس دابین دەکات.

بڕیارە بەم نزیکانە، لە سنوری پارێزگای دهۆک چەند کارگەیەک بکەونە کار بۆ وەرگرتنی بەرهەمی جووتیارانی ئەم ناوچەیە.

ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بۆ 964+ دەڵێت: دامەزراندنی ئەم کارگانە بە مەبەستی زیاتر ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانە، و هاوکات دۆزینەوەی بازاڕە بۆ بەرهەمی ناوخۆیی.

هەروەها وتی، “ئامێری پێویست بۆ ئەو کارگانە کڕاون، لە قەزای سێمێل کارگەیەکی ئاوی تەماتە دەکرێتەوە، هەر لەوێدا کارگەیەکی دیكه‌ی بەرهەمە شیرەمەنییەکان دەکرێتەوە، کە تێیدا ٣٠٠٠ چێڵ بەخێو دەکرێن و دەبێتە بڕاند، لە ناحیەی مانگێش هه‌روه‌ها کارگەیەکی دیكه‌ دەکرێتەوە بۆ دروستکردنی شەربەتی خۆماڵی” .

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، ساڵانە ژمارەیەک جووتیار لە وەرزی هاویندا وەک ناڕەزایی بەهۆی ساغنەبونەوەی بەرهەمەکانیان، بەشێک لە بەرهەمەکانیان لەبەرچاوی کامێرا لەناودەبەن.

هاوكات نوێترین هه‌نگاوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، په‌یداكردنی بازاڕ بوو بۆ هه‌ناری كوردستان، كه‌ هه‌نارده‌ی ئه‌وروپا و وڵاتانی كه‌نداو ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ی كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ته‌وه‌.