گرافیکی 964
ناشیگۆڕنەوە بە دینار
ئامێرەکانی ATM دۆلار نادەن بە کەس
964+
ژووری هەواڵ
چەند رۆژێکە ئامێرەکانی ATM لەناو شارەکانی هەرێمی کوردستان هیچ بڕە دۆلارێک نادەن، ئەگەر بەکارهێنەر داوای گۆڕینەوەی دۆلارەکەش بکات بۆی ناکەن بە دیناری عێراقی.
لە پاش جێبەجێکردنی گشت پڕۆسەکان، ATMـەکە دەنووسێت، “هەژمارەکەت بوونی نییە”.
بۆ 100 دۆلار چەندین کاتژمێر چاوەڕێ دەکەن
چەند بەکارهێنەرێک لەناو شاری هەولێر بە 964یان وت، ئەوە کێشەی بۆ دروستکردوون و کاتێکیش دەچنە ناو بانکەکان لەبەر قەرەباڵغی دەبێت بۆ وەرگرتنی تەنیا 100 دۆلار چەندین کاتژمێر چاوەڕێ بکەن.
لەسەر ئەم بابەتە، سەنتەری پەیوەندییەکانی RT Bank بە 964ـی وت، بە بڕیاری بانکی ناوەندیی عێراق ئامێرەکانی ATM تەنیا دینار دەدەن بە بەکارهێنەر، ئەوەش بە مەرجێک هەژمارەکەی بە دینار کردبێتەوە.
دوو جۆر هەژمار هەن، دۆلار و دینار، ئەوانەی سەرەتا بە دۆلار کردوویانەتەوە پێویستە بچنە ناو بانکەکان و لەوێ پارە وەربگرن.
بڕیارەکە بەجۆرێکە، ئەو بەکارهێنەرانەی هەژمارەکانیان دۆلارە تەنیا لەنێوان 9ـی بەیانی بۆ 3ـی دوانیوەڕۆ بۆیان هەیە لەناو بانکەکان پارە رابکێشنەوە، جگە لەوە، لە هیچ کات و بارودۆخێکی دیکەدا ناتوانن لە ATMـەکانەوە پارە رابکێشن.
ماوەیەکی تر وەکو خۆی لێدێتەوە
بەکارهێنەران دەپرسن ئایا ئەمە کاتییە یان بۆ هەمیشە بەمجۆرە دەمێنێتەوە، 964 سۆراغی بۆ ئەوەش کرد.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراقی بە 964ـی وت، “بڕیارەکە کاتییە، پێویست ناکات هاوڵاتیان هەژمارە دۆلارەکانیان بگۆڕن بە دینار، ماوەیەکی تر وەکو خۆی لێدێتەوە”.
شارەزایان هۆکاری ئەم بڕیارانەی حکومەت و بانکی ناوەندیی عێراق بۆ فشارەکانی ئەمریکا دەگێڕنەوە کە داوای کردووە دۆلار لە وڵاتەکەوە بۆ ئێران نەنێردرێت.