گوندنشینێک بە قەناس پۆلیسێک بریندار دەکات

964+

ئەحمەد مستەفا – بەرزنجە

دانیشتوویەکی گوندی بیوەک لە سنووری سلێمانی، بە فیشەکی قەناس پۆلیسێکی دارستان بریندار دەکات، لەسەر ئەم رووداوە پۆلیس سێ کەسی دەستگیرکردووە و ئەمڕۆ یەکشەممە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ حەوت کەسی دیکە دەرچوو.

رۆژی ٧ی کانونی یەکەم، مەفرەزەی پۆلیسی دارستانی بەرزنجە بە مەبەستی دەستگیرکردنی کەسێک لەسەر داربڕینەوە دەچنە گوندی بیوەک، لە دەوروبەری گوندەکە سێ کورەی خەڵوز خاپور دەکەن کە داری بۆ بڕدرابووەوە بەمەبەستی کردنیان بە خەڵوز.

رائید رێبەر ساڵح، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی دارستانی بەرزنجە بە 964+ی وت، ئەو دارانەی بڕدرابوونەوە داری زیندوو بوون و بۆ کاری بازرگانی دەیانکردن بە خەڵوز.

رائید رێبەر دەڵێت، بە مەبەستی ئەوەی رێگری بکەن لە داربڕینەوە بە مەفرەزەوە چوونەتە گوندەکە، لە کاتی ئەرکدا کەسێک لە شاخێکەوە بە فیشەکی قەناس پێنج جار تەقەی لێکردوون، تا کارمەندێکیان بەناوی دارا محەمەد، کە پلەکەی پۆلیسی پلە چوارە، فیشەک بەر سنگی کەوتووە.

“ھەمان رۆژ بە چوار مەفرەزەوە چووینەوە بۆ گوندەکە، بەڵام سەرجەم پیاوانی گوندەکە ماڵەکانیان جێھێشتبوو، چەکی دۆشکە، قەناس و بیکەیسی لەنێو گوندەکە ھەبوون، خەڵکی گوندەکەش نکۆڵیان لەوەکرد ناسنامەی تەقەکەرەکە ئاشکرابکەن”، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی دارستانی بەرزنجە بە 964+ی وت.

بریندارەکە ئێستا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت، پۆلیسی بەرزنجە بەھۆکاری ئەو رووداوە سێ تۆمەتباری دەستگیرکردووە و ئەمڕۆ فەرمانی دەستگیرکردن بۆ حەوت کەسی دیکە دەرچووە.

بە وتەی بەرێوەبەری بنکەی پۆلیسی دارستانی بەرزنجە، “ئەو کەسانە جگە لە دانیشتووانی گوندەکە خەڵکی دەرەوەی گوندەکەشیان تێدایە.”

پۆلیس زانیاری لەبەردەستە لەبارەی تۆمەتبارەکان و رائید رێبەر دەڵێت، “ئێمە ھەرگیز لە مافی پۆلیسەکەمان خۆش نابین و ئەو کەسانە دەستگیردەکەین.”

“ئێمە رۆژانە دەمانبینی داریان دەبڕیەوە و ئێستاش دارێکی زۆریان ھەیە کە نازانین کۆنن یان تازە، بەڵام داری وای تیایە کە بڕدراوەتەوە تەمەنی پانزە ساڵ و زیاترە”، رائید رێبەر ساڵح وای وت.

لەنێو گوندەکە پۆلیس دەستی بەسەر چەند چەکێک لە جۆری دۆشکە، قەناس و بیکەیسی گرتووە و بە وتەی رائید رێبەر لەپاش ئەو رووداوە داربڕینەوە لە گوندەکە نەماوە.

گوندی بیوەک نزیکەی ٢٠ ماڵ دەبن، گوندەکە دەکەوێتە سنووری ناحیەی بەرزنجە و ٤٣ کیلۆمەتر لە باشووری پارێزگای سلێمانییەوە دوورە، یەکێکە لەو گوندانەی کە رووبەری دارستانی فراوانە و داربڕینەوە و بازرگانیکردن بە خەڵوز تێیدا بە فراوانی دەستیپێکردووە.