ژنێکی ئێزیدی لەو کەسە بەتەمەنترە کە لە گینس تۆمار کراوە
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
ڤیدیۆ
بەتەمەنترین کەسی جیهان کە لەژیاندا مابێت، ژنێکی ئێزیدییە کە لە کەمپی کەبەرتوو لە دهۆک دەژی، بەپێی ناسنامەکەی بێت تەمەنی ١٣٥ ساڵە و لەو کەسە بەتەمەنترە کە لە کتێبی گینس تۆمارکراوە.
رەوشێ قاسم، ژنێكی ئێزیدی لەدایکبووی ساڵی ١٨٨٧ـە کە ماوەی هەشت ساڵە لە کەمپی کەبەرتوو لەگەڵ نەوەیەکی خۆی دەژی.
رەوشێ دوو جار هاوسەرگیری كردووە و هەردوو هاوسەرکەی کۆچی دواییان کردووە، جاری یەكەم لەگەڵ حەمەد حەسەن موراد، دوای چەند ساڵێك كوچی دوایی كردووە، دواتر رەوشێ هاوسەرگیری لەگەڵ فارس زاهیر خەشمان دەكات، دوای چەند ساڵێک ئەویش كۆچی دوایی دەكات.
رەوشێ لە هەردوو هاوسەرەکەی ١٥ منداڵی بووە، نۆ منداڵی كۆچی دوایییان كردوە، تەنیا شەشیان لە ژیاندا ماون.
رەوشێ ٣٠ ساڵ بەر لەئێستا بەهۆی دروستبوونی ئاوی سپی، چاوی لای راستی لەدەستداوە، ئەو بە 964+ی وت، “بۆ بیستن باشم بەڵام ئاستی بینینم باش نییە، ئەگەر کەسێک دەستم بگرێت دەتوانم هاتۆچۆ بکەم، هاوسەرەکەی قاسم کە نەوەی منە خواردنم بۆ ئامادە دەکات.”
بەپێی کتێبی گینس، بەتەمەنترین کەس کە لە ژیاندا مابێت ژنێکی فەرەنسییە بە ناوی لوسیل راندۆن، کە لەدایکبووی ١١ی شوباتی ١٩٠٤ـە و تەمەنی گەیشتووەتە ١١٨ ساڵ.
ئەگەر بەپێی ناسنامەکەی بێت، رەوشێ قاسم ١٧ ساڵ لە لوسیل راندۆن بەتەمەنترە.