گەرمیان.. لەسەر دزینی ١٣ سەر ئاژەڵ پێنج کەس دەستگیر کران

+964

هونەر فارس – گەرمییان

لە ناحیەی رزگاری پێنج کەس لەسەر دزینی ١٣ سەر ئاژەڵ دەستگیر دەکرێن. ئاسایش دەڵێ؛ دزەکان تەمەنیان سەرووی ٢٠ ساڵییەو پێشینەی تاوانیان نیە.

+964  دەزانێت، رووداوەکە شەوی ١٤ لەسەر ١٥ـی ئەم مانگە روویداوەو ئەو ئاژەڵانەی دزراون هەموویان کاوڕ بووەو هی خانی ئاژەڵفرۆشێک بووە بەناوی محەمەد ئەحمەد.

بورهان رزگاری، بەرپرسی ئاسایشی ناحیەی رزگاری بە +964ـی وت: دەستگیرکراوەکان سەرجەمیان دانیشتووی کەلارن و تەمەنیان لەسەروی ٢٠ساڵیەوەیە و هیچ پێشینەیەکی دیکەی تاوانیان نیە. 

بە پێی زانیارییەکانی +964، حەوت سەر لە ئاژەڵەکان لە کاتی گواستنەوەیاندا بەهۆی ئەوەی کراونەتە گوێنییەوە و دەمیان بەستراوە مردار بوونەتەوە، هەروەها دزەکان دوو سەر ئاژەڵیان فرۆشتووە و چوار سەر ئاژەڵەکەی دیەکەش لەلایەن ئاسایشەوە دەستیانبەسەردا گیراوەو ئەو ئۆتۆمبێلەی تاوانەکەشی پێ ئەنجامدراوە دەستی بەسەردا گیردراوە.

لە ئێستادا تۆمەتبارەکان بەبڕیاری دادوەر، بەپێی ماددەی٤٤٤ یاسای سزادانی عێراقی، کە تایبەتە بە دزیکردن راگیراون، سزاکەشیان بریتیە لە زیندانیکردن بە مەرجێک حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.