شاکەلییەکان دە ساڵە چاوەڕێی ٨٠٠ مەتر قیرن

+964

هونەر فارس – گەرمیان 

خراپیی رێگەی گەڕەکی شاکەل لە ناحیەی رزگاری لە گەرمیان، وای لە هاوڕێ کردووە لەم مانگەدا بۆ دووەم جار ئۆتۆمبێلەکەی بباتە سەر فیتەر و ١٥٠ هەزار دیناری تێدا سەرف بکات، دانیشتووانی گەڕەکەکە دەڵێن؛ هەشت ساڵ زیاترە

ئەوە هەر تەنها کێشەی هاوڕێ نیە، بەڵکو رۆژانە چوار تا پێنج شۆفێری دانیشتووی ئەو گەڕەکە دەچنە فیتەر و کێشەی ئۆتۆمبێلەکانیان چارەسەر دەکەن. ئەمە بە وتەی دانیشتوانی گەڕەکەکە.

“ژیانمان نەماوە، بە زستان قوڕ و لە هاوینیشدا تەپوتۆز هەراسانی کردووین”، ئەحمەد خدری دانیشتووی هەمان گەڕەک وای بە +964 وت.

بە پێی وتەی دانیشتووانی ئەو گەڕەکە، کێشەکەیان قیرکردنی ٨٠٠ مەتر رێگەکەیانە و ماوەی دە ساڵە چاوەڕوانن.

+964  لە زانیارییەکانی شارەوانی گەرمیانەوە دەزانێت، کێشەی قیرتاو نەکردنەکە لەچوارچێوەی ئەو پڕۆژە راگیراوانە دایە، کە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بە گوژمەی چوار ملیار و ١١٧ ملیۆن و٦٤٤ دۆلار، لە ساڵی ٢٠٠٣ بەردی بناغەی دانراوە و دواتر وەستاون.

بەرزان کەریم، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان بۆ +964 دەڵێت؛ دەسەڵاتی وەستاندن و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو پڕۆژەیە لای ئەنجومەنی وەزیرانە، “ئێمە هیچ بڕیارێکمان لەوبارەیەوە پێ نادرێت.”

وتیشی: “هیچ هیوایەک بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو پڕۆژەیە نییە.”

سەرەتا بڕیار بووە پڕۆژەکە لەسەر بودجەی پترۆدۆلار لەلایەن کۆمپانیای ئەلسەجایاوە جێبەجێ بکرێت، بەڵام دوای تێپەڕبوونی دە ساڵ هیچ کارێکی تێدا نەکراوە. 

جەمال ساڵح، بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری بە +964ـی وت: “چەند جارێک داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە کیشەکە چارەسەر بکەن، بەڵام دەڵێن دەبێت بودجەکەی لە پترۆدۆلارە بگۆڕدرێت و تا ئێستاش ئەوە نەکراوە.”