شارەوانیی سلێمانی رێنمایی پێدانی مۆڵەتی بینا دەگۆڕێت

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

مۆڵەتی دروستکردنی بینا لە پارێزگای سلێمانی دەگۆڕدرێت، شارەوانیش دەڵێت، تەواوی گۆڕانکارییەکە بۆ ئاسانکاریی هاووڵاتییان و رێکخستنەوەی جۆرەکانی مۆڵەتە.

+964 لە شارەوانی سلێمانییەوە دەزانێت، ماوەی زیاتر لە چوار مانگە سەرقاڵی هەموارکردنی رێنمایی مۆڵەتی نوێی بینا و باڵەخانەن، ئێستا وەزارەتی شارەوانی ئەنجومەنی وەزیران وەڵامی داونەتەوە و هەموارەکەی پەسەند کردوون.

زەردەشت رەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی بە +964ـی راگەیاند: هەمووارەکە زۆرە و سەرجەم بیناکان دەگرێتەوە، هەر لە خانووی هاوڵاتییانی ئاسایی تا بینا بازرگانییەکان.

“وردەکارییەکەی زۆرە و ئێستا راناگەیەندرێت، چونکە ئەنجومەنی شارەوانی وردتری دەکاتەوە و بە پاکێجێک بڵاو دەکرێتەوە”، زەردەشت رەفیق وای وت.

دەشڵێت؛ تەواوی هەموارەکە بۆ رێکخستنەوەی جۆرەکانی مۆڵەت و هەروەها بۆ رێکخستنەوەی شار و ئاسانکاریی هاوڵاتییانە.