میسی خەونەکەی بەدیهات.. ئەرژەنتین بوو بە پاڵەوانی مۆندیال

964+

توانا نەقی – هەولێر

لە یاری کۆتایی مۆندیالی قەتەڕ، کە ئەمشەو کاتژمێر شەشی لە یاریگای نوسەیل، لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەرژەنتین و فەرەنسا بەڕێوەچوو، ئەرژەنتین توانی بە لێدانی یەکلاکەرەوە یاریکە لە بەرژەوەندی خۆی  کۆتایی پێبینێت و ببێتە پاڵەوانی مۆندیال.

 گێمی یەکەمی یارییەکە، بە دوو گۆڵی بێ وەڵام بۆ ئەرژەنتین کۆتایی هات، لە خولەکی ٢٣ میسی بە لێدانی پەناڵتی یەکەم گۆڵی خۆیی وئەرژەنتینی تۆمارکرد، لە خولەکی ٣٦ دیماریا گۆڵی دووەمی بۆ هەڵبژاردەکای تۆمارکرد.

لە گێمی دووەمی یارییەکدا کەڵەشێرەکانی فەرەنسا بە ئاستێکی باشتر دەرکەوتن، لە خولەکی ٨٠ ئیمباپێ یەکەم گۆڵی بۆ فەرەنسا بە پەناڵتی تۆمار کرد، لە خولەکی ٨٢ ی یارییەکەدا ئیمباپێ دووەم گۆڵی خۆیی و هەڵبژاردەکەی تۆمار کرد.

یارییەکە بە ئەنجامی یەکسان بوون بە دوو گۆڵ بۆ هەردوو هەڵبژاردە چووە کاتی زیادکراو، گێمی یەکەمی کاتی زیادکراویش دیسان بە یەکسان بوون تەواو بوو، بەڵام لە گێمی دووەمدا ئەنجامەکە بە گۆڵێکی لیۆن میسی لە خولەکی ١٠٩ لە بەرژەوەندی ئەرژەنتین گۆڕا، بەڵام زۆری نەخایاند ئیمباپێ لە خولەکی ١١٧ بە لێدانی پەناڵتی سێیەم گۆلی خۆی تۆمار کردوو  یارییەکەی جارێکی دیکە یەکسان کردەوە.

بەم ئەنجامەش یارییەکە بە لێدانی پەناڵتی، بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ، لە بەرژەوەندی تانگۆ کۆتایی هاتوو ئەرژەنتین بوو بە پاڵەوانی مۆندیالی ٢٠٢٢ ی قەتەرو ژمارەی جامەکانی کردە سێ جام و خۆی نزیک کردەوە لە ئەڵمانیاو ئیتاڵیا کە هەردووکیان خاوەنی چوار جامی جیهانین و بەڕازیلیش بە پێنج جام لە پێشەنگ دایە.