ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی بازاڕی خانوبەرەی راگرتووە

+964

فەرمان سادق

ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازاڕ دروستکردووە. خاوەنی کۆمپانیایەکی عەقاراتیش دەڵێ؛ خەڵک ترسی هەیەو پارەکەی ناخاتە ناو پڕۆژەو عەقارات..

سەردار ئازاد، سەرپەرشتاری کۆمپانیای عەقاراتی ئەملاک بە +964 وت “٢٠٢٢ ساڵێکی خراپ بوو بۆ عەقارات، پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی یان هاتن و نەهاتنی بودجەو موچەی فەرمانبەران، هەروەها زۆربوونی پرۆژەکان بە درێژای ساڵ کاریگەریان لەسەر عەقارات کردووە، خستنەڕوو زۆر بووە و خواست کەم بووە، خەڵکی ترسی هەیە و پارەکەی لای خۆی هەڵدەگرێت”

سەردار ئازاد، ئاماژەش دەدات بەوەی یەکێکی دیکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی خراپی بازاڕی عەقارات دەگەڕێتەوە بۆ گەڕانەوەی خەڵکی ناوەڕاست و باشوری عێراق بۆ ناوچەکانی خۆیان.

دەڵێ؛ هەولێر پێشتر ژمارە یەک بوو لە رووی عەقاراتەوە، بەڵام ئەمساڵ بە پێچەوانەوە هەولێر خراپتر بووە بەراورد بە سلێمانی، چونکە لە سلێمانی ئەوانەی موڵک و شوێنی نیشتەجێ بوونیان دەوێت زۆریان کوردن و بۆ ماڵی خۆی دەیکڕێت.

+964 دەزانێت، لەمساڵدا ژمارەیەکی زۆر پڕۆژی شوققە لە هەولێر لەژێر دروستکردن دایەو بەشێکیان تەواو بووە، چاوەڕوانیش دەکرێت تا کۆتایی ٢٠٢٣، تەنیا لە هەولێر ٣٠ هەزار شوققە بخرێتە بازاڕ، هاوکات لە سلێمانی ٢٤ هەزار شوققە دێتە بازاڕەوە.

بەپێی زانیارییەکانی دەست +964 کەوتووە، پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لەم ساڵانەی دوایدا بەشێوەیەکی بەرچاو روویان لە زیادبوون کردووە، سەرپەرشتیاری کۆمپانیاکانی عەقاراتی ئەملاک لەمبارەیەوە دەڵێت “خەڵکی سەری لێشێواوە و نازانێت کام پرۆژە هەڵبژێرێت، ئامارێکی دیاریکراوی لەبەردەمدا نیە، بەڵام وەکو بازاڕ بە بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو زۆر گۆڕاوە، بەنمونە لە هەولێر پێشتر لە زۆنی زێرین هیچ شوقەیەکمان نەبوو کرێیەکەی لە هەزار و ٥٠٠ دۆلار کەمتر، ئێستا لە ٦٠٠ تا ٨٠٠ دۆلاریش هەیە”