حکومەتی هەرێم ٥٥ موچەی فەرمانبەران قەرزارە

+964

فەرمان سادق

لە بەرانبەر هەوڵەکانی دەستکاریکردنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران، گروپی گێڕانەوەی پاشەکەوت و لێبڕینی موچە دەستی بە چالاکییەکانی خۆی کردۆتەوەو داوای موچە کۆنەکانیش دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان ١٢ موچەی تەواو قەرزارەو ٤٣ موچەشی بە لێبڕین دابەشکردووە.

لە بەدواداچوونێکی +964، لەسەر پرسی موچەی فەرمانبەران لەلای حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەردەکەوێ کە یەکەم موچەی فەرمانبەران کە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران پاشەکەوت کرا، موچەی مانگی ئەیلولی ٢٠١٥ بوو.

لە حەوت ساڵدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ٤٣ موچەی بە لێبڕین دابەشکردووە و ١٢ موچەی فەرمانبەرانیشی هەر دابەش نەکردووە

لە ٢٠١٥، حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو مانگی ئاب موچەی فەرمانبەرانی بە تەواوەتی دابەشکردووە، بەڵام موچەی مانگەکانی ئەیلول تاوەکو کانونی یەکەم، کە دەکاتە چوار موچە بە تەواوەتی پاشەکەوت کراوەو هیچ فەرمانبەرێکی حکومەت موچەی وەرنەگرتووە.

لە ٢٠١٥، فەرمانبەران چوار موچەیان لای حکومەتە

لە ٢٠١٦، دوای چوار مانگ لە دابەشنەکردنی موچەی فەرمانبەران، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سیستەمی لێبڕین دەستی کردەوە بە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران، کە ئەو سیستەمە لەلای خەڵک بە چارەگە موچە ناسێندراو تەواوی موچەی ٢٠١٦ کە ١٢ موچەیە بەو چارەگە موچە دابەشکرا.

لە ٢٠١٦، تەواوی ساڵ چارەگە موچە دابەشکرا

لە ٢٠١٧، سیاسەتی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران بەهەمان میکانیزمی ٢٠١٦ بەردەوام بوو، فەرمانبەران موچەی ١١ مانگیان بە چارەگە موچە وەرگرت و هی مانگی کانونی یەکەمی پاشەکەوت کرد.

لە ٢٠١٧، ١١ مانگ چارەگە موچە دابەشکراو، مانگی کانونی یەکەمیش پاشەکەوت کراو دابەش نەکرا

لە ٢٠١٨، حکومەتی هەرێم، لەژێر ناڕەزایەتی خەڵک و فەرمانبەران و هێزە سیاسییەکان، دەستکاری سیستەمی چارەگە موچەی کرد.

لەو ساڵەدا، موچەی ١١ مانگی فەرمانبەران بەشێکی لێ پاشەکەوت کراو، موچەی مانگی کانونی یەکەم بە تەواوەتی دابەشکرا. ئەمەش یەکەم موچە بوو کە فەرمانبەران دوای سێ ساڵ بێ لێبڕین وەری بگرن.

لە ٢٠١٨؛ چارەگە موچە دەستکاری کرا.. ١١ مانگ بەشێکی موچە پاشەکەوت کراو موچەی کانونی یەکەمیش بێ پاشەکەوت دابەشکرا

لە ٢٠١٩، دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق رێککەوتن، مانگانە حکومەتی عێراق بڕی ٤٠٠ ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرد، جگە لەمەش جەنگی دژ بە تیرۆرو داعش، کۆتایی هاتبوو، هاوکات بەهای نەوتیش لە بازاڕەکانی جیهان هەڵکشا، حکومەتی هەرێم پاساوی پاشەکەوتی موچەی نەما، ئەمانەش هۆکار بوون لەم ساڵەدا فەرمانبەران تەواوی ١٢ مانگەکە بێ لێبڕین و پاشەکەوت موچەکانیان وەربگرن.

لە ٢٠١٩، فەرمانبەران هەر ١٢ موچەکەیان بێ لێبڕین و پاشەکەوت وەرگرت

لە ٢٠٢٠، بەهۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، تەنیا مانگی یەکەم فەرمانبەران موچەیان بە تەواوەتی وەرگرت، لە مانگی شوبات و ئازار بە لێبڕینەوە موچەیان وەرگرت، مانگەکانی نیسان، ئایار، حوزەیران، تەمووز و ئاب، موچە دابەش نەکرا.

لە مانگی ئەیلول، دەستکرایەوە بە دابەشکردنی موچە، بەڵام بە لێبڕینەوە، دیسان لە مانگی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم، موچە دابەش نەکراو لە کۆتا مانگی ٢٠٢٠، دیسان موچە بە لێبڕینەوە دابەشکرا.

لە ٢٠٢٠؛ موچەی حەوت مانگی فەرمانبەران دابەش نەکرا، هەروەها موچەی چوار مانگیش بە لێبڕین دابەشکرا

لە ساڵی ٢٠٢١، فەرمانبەران موچەی شەش مانگی یەکەمیان بە لێبڕینەوە وەرگرت، بەڵام دوای ئەو کاتە، واتە شەش مانگی دووەم و تەواوی ساڵی ٢٠٢٢، فەرمانبەران موچەیان بێ لێبڕین وەرگرتووە.

لە ئێستادا گروپی گێڕانەوەی پاشەکەوت و لێبڕینی موچە، دەستی کردووەتەوە بە چالاکییەکانی و داوای گێڕانەوەی موچە پاشەکەوت کراوەکان دەکات، هاوکات داواش دەکات کە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستپێ بکاتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە تائێستا وەستاوە.

لە ٢٠٢١، موچەی شەش مانگی یەکەم بە لێبڕینەوە دابەشکرا، دوای ئەوەش تا ئێستا موچە بێ پاشەکەوت و لێبڕین دابەش دەکرێت

پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران، لەمساڵ و ساڵی رابردوو بۆ توێژی دادوەران و هێزی ئەمنی وەک ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە گەڕاوەتەوە.