هەواڵ
بەهۆی تۆپبارانەوە ئاگر لە چیای بۆڵێ کەوتووەتەوە
964+
ئاسۆ فەیسەڵ
ماوەی دوو کاتژمێرە تۆپخانەکانی سوپای تورکیا هەریەکە لە چیای بۆڵێ و چەند ناوچەیەکی سنووری برادۆست تۆپباران دەکەن و بەهۆیەوە ئاگر لە چیای بۆڵی کەوتووەتەوە.
شایەتحاڵێک لە گوندێکی نزیکی تۆپبارانەکە بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، ماوەی دوو کاتژمێرە تۆپبارانی تورکیا لەو ناوچەیە هەیە و ئاگرێکی گەورە لە چیای بۆڵێ دروستبووە، بەهۆی ئەوەی ناوچەیە قەدەغەیە بۆ هاتوچۆ کەس ناتوانێت بۆ کوژاندنەوەی ئاگرە نزیک بێتەوە، هاوکات چونکە ناوچەیەکی مینڕیژکراوە زوو زوو مین لەو چیایە بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرەکە دەتەقێتەوە.
بەگوێرەی وتەی ئەو شایەتحاڵە، “تۆپبارانەکە ماوەی کاتژمێرێک لەسەر یەک بەردەوام بووە، بەڵام ئێستا تەنیا ناوە ناوە دەنگی تۆپ دەبیسترێت”.
ئەو ناوچانەی تۆپبارانەکەی تیا دەکرێت، هەریەکە لە گەرووی پیر خدر و پیر بالۆل و کەم کۆڕایە و جگە لە پێگەی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان، لەچەندین شوێنی جیاواز پێگەی سوپای تورکیا هەن.