ئیتر هاوینان بێ ئاو نابن

964+
فه‌همی نه‌بی – هەولێر

گۆڕینی بۆڕی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێی شاری هەولێر ده‌ستی پێكرد، بڕی ١١ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دینار بودجەی بۆ دابینکراوە و بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، بڕیارە لە ماوەی نەوەد رۆژدا کارەکانی تەواو بێت.

نزیکەی دە رۆژ دەبێت، پڕۆژەی گۆڕینی بۆڕی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر دەستی پێكردووه‌، لەم بارەیەوە ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 19ی كانوونی یه‌كه‌م، ئاری ئەحمەد بەرێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێم، بە 964+ی وت: “کاری گۆڕینی بۆڕییەکان دەستی پێکردوە، ٣٠٠ مەتر قوڵ کراوە و پرۆسەکە بە سێ قۆناغ دەبێت، قۆناغی یەکەم ٢٧٥٠مەتر، بە بڕی چوار ملیار ٣٧٠ ملیۆن دینارە. ٪٢٥ ی بۆڕییەکان هاتوون، لە ماوەی ٩٠ رۆژدا کارەکانی تەواو دەبێت”.

ساڵانی پێشوو بە دیاریکراوی لە وەرزی هاویندا، بۆڕی ئاوی ئیفراز بۆ چەندین جار دەشکا و بە هۆیەوە ٪٤٥ ی گەڕەکەکانی هەولێر بێ ئاو دەبوون، لەم بارەیەوە زەردەشت عەبدولخالق سەرسام، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر دەڵێت: “ئەم بۆڕیەی دادەنرێت، لە جۆری (کاربۆفتیل)ـه‌ و بەرگەی ٣٧ باڕ پەستانی ئاو دەگرێ، هەمان بۆڕی لە پڕۆژەی ئاوی دهۆک، شەقڵاوە، سۆران و کەلار بەکارهاتووە، ئەم بۆڕیە لە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز دووشدا بەکارهاتووە، کە لە ساڵی ١٩٨٣ دروستکراوە”.

پڕۆژەی بۆڕیی ئاوی ئیفراز سێ، کەوتووەتە باکووری شاری هەولێر و نزیکەی ٪٤٠ی ئاوی گەڕەکەکانی باکوری رۆژئاوای شاری هەولێر دابین ده‌كات، رۆژانە نزیکەی ٢٤٠ ملیۆن لیتر ئاو بۆ هاونیشتمانیان دابین دەکات.

شاری هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە، ئیفراز یەک ساڵی ١٩٦٧ دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی ١٩٨٢ و ئیفراز سێ ساڵی ٢٠٠٧ کەوتووەتە کار.