دێربیی بادینان له‌ زاخۆیه‌ و هه‌ولێریش میوانێكی ره‌زاقورسی هه‌یه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

له‌ خولی نایابی عێراقدا سبه‌ی یاریی لووتكه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو یانه‌ی زاخۆ و دهۆك له‌ زاخۆ ده‌كرێت، یانه‌ی هه‌ولێریش له‌ یاریگه‌ی خۆیدا ركابه‌رێكی به‌هێزی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها نه‌ورۆز له‌ به‌غدا یاریی ده‌كات.

گه‌ڕی 11ی خولی نایابی عێراق ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18ی كانوونی یه‌كه‌م ده‌ستی پێكرد، كه‌ سێ یاری هاتنه‌ ئه‌نجامدان.

له‌ یارییه‌كانی ئه‌مڕۆدا یانه‌ی نه‌جه‌ف به‌ 5-2 گۆڵ له‌ یانه‌ی نه‌فتی میسانی برده‌وه‌، هه‌روه‌ها یانه‌ی ئه‌لقاسم به‌ 2-1 گۆڵ له‌ ئه‌نجامێكی چاوه‌ڕواننه‌كراودا له‌ یانه‌ی كاره‌بای برده‌وه‌.

له‌ دوایاریی ئه‌مڕۆشدا یانه‌ی شوڕته‌ی پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردوو به‌ ئه‌نجامی 4-0 گۆڵ له‌ یانه‌ی سناعه‌ی برده‌وه‌.

سبه‌ی یارییه‌كان به‌هێزن

سبه‌ی سێشه‌ممه‌ یاریی لووتكه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو یانه‌ی زاخۆ و دهۆك له‌ یاریگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی زاخۆ ده‌كرێت.

یاریی نێوان ئه‌م دوو یانه‌یه‌ به‌ “دێربیی بادینان” ناسراوه‌ و جه‌ماوه‌ریترین یاریی ده‌بێت.
یارییه‌كه‌ پێشتر بڕیار بوو كاتژمێر 2:30 بكرێت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ په‌خش بكرێت و ئاماده‌كاری پێویستی بۆ بكرێت، كرایه‌ كاتژمێر 4:30.

هاوكات چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هێزێكی زۆری ئاسایش و پۆلیس بۆ پاراستنی كه‌شی یارییه‌كه‌ له‌ یاریگه‌كه‌ و ده‌وروبه‌ری ئاماده‌بن.

له‌ یارییه‌كی دیكه‌شدا، كه‌ ئه‌ویش به‌هێزه‌، یانه‌ی هه‌ولێر له‌ یاریگه‌ی خۆیدا رووبه‌ڕووی یانه‌ی ته‌ڵه‌به‌ ده‌بێته‌وه‌، كه‌ كاتژمێر 4:30 به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

هه‌ولێر یاریی رابردوو له‌ یاریگه‌ی خۆیدا به‌ 0-1 گۆڵ به‌ یانه‌ی زه‌وڕا دۆڕا، بۆیه‌ جه‌ماوه‌ر چاوه‌ڕێی قه‌ره‌بووی ئه‌نجامی رابردوو ده‌كه‌ن.

خشته‌ی یارییه‌كانی خوله‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی یانه‌ی هه‌ولێر نه‌بوو، دوای ئه‌م دوو یارییه‌ به‌هێزه‌، یاریی داهاتووشی به‌رامبه‌ر یانه‌ی قوه‌ی جه‌وییه‌یه‌ له‌ به‌غدا، كه‌ ئه‌ویش یه‌كێكه‌ له‌ تیپه‌ به‌هێز و جه‌ماوه‌رییه‌كانی عێراق.

له‌ یارییه‌كی دیكه‌ی تیپه‌كانی كوردستان له‌ خوله‌كه‌دا، سبه‌ی یانه‌ی نه‌ورۆز له‌ یاریگه‌ی زه‌وڕا له‌ به‌غدا، رووبه‌ڕووی یانه‌ی حدوود ده‌بێته‌وه‌، یارییه‌كه‌ كاتژمێر 02:00 ده‌ستپێده‌كات.

نه‌ورۆز هێشتا یاریگه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆی نییه‌ و ناچاره‌ یارییه‌كانی یاریگه‌ی خۆی، له‌ یاریگه‌ی زه‌وڕا له‌ به‌غدا ئه‌نجام بدات.

هاوكات هه‌ر سبه‌ی چه‌ند یارییه‌كی دیكه‌ش له‌ خوله‌كه‌دا به‌ڕێوه‌ ده‌چن.