لەگەشتی هەواڵەکانەوە
بە ئەگەری بەهێز چوارشەممەی داهاتوو پشووە
+964
ژووری هەواڵ
بەپێی لێکدانەوەو حیساباتی 964 رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان دەبێتە پشوو بە بۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەرەوە.
حەوت کەس لە دیوی ئێرانەوە 62 بەچکە نەعامەیان خستووەتە کارتۆنی مۆزەوەو ویستوویانە بیهێننە هەرێمی کوردستان بەڵام پێش ئەوەی بگەن بە مراز مەفرەزەیەکی فەوجی 2، لە لیوای یەکی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور قۆڵبەستی کردوون.
بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر بڕیاریداوە 27 کەس بە شێوەی گرێبەست بۆ هەردوو سەنتەری ئۆتیزمی حکومی هەولێر و کۆیە دابمەزرێنێت، بەڵام مەرجە ئەوانەی فۆڕم پڕ دەکەنەوە دەرچووی بەشی پەروەردەی تایبەت بن.
حەوت بینای قوتابخانە لە قەزای پشدەر حاڵیان شڕە ودەبێت بڕوخێندرێن، چونکە لیژنەیەک دە ساڵ پێش ئێستا چووەو بەلایەنە ئیدارییەکانی ئەوێی وتووە مەردی خوا بن ئەو قوتابخانە مەترسییان لەسەرەو دەبێت بڕوخێن، کەچی تائێستا بەشێکیان دوو دەوامیان تێدا دەکرێت.
لە سۆران هاکەرێک هەبوو تا ئێستا ئەکاونتی فەیسبووکی 500 کەسی هاک کردووەو داوەی پارەی لێکردوون، بەڵام ئەمجارە بۆی نەچووە سەرو پۆلیس دۆزیانەوەو گرتیان.