سێ کوچکەی زام بڵاوبووەوە

+964

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

ڤیدیۆ

سێکوچکەی زام، ناوی ئەو کتێبەیە کە هەژار بەرزنجی سەبارەت بە ئەنفالی سێ گوندی چەمچەماڵ نوسیویەتی. نوسەرەکەی دەڵێت، زۆر بە وردیی کاری تێدا کردووە و مادە یاساییەکانی جینۆسایدکردنی لەسەر ئەنفال جێبەجێ کردووە.

کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە زانکۆی چەرمۆ لە شاری چەمچەماڵ مەراسیمی بڵاوکردنەوەی کتێبەکە ئەنجامدرا.

هەژار بەرزنجی، نوسەری کتێبەکە بۆ +964ـی روونکردەوە، کاری لەسەر ئەنفالکردنی هەر سێ گوندی جەلەمۆرد، عەسکەر و گۆپتەپە کردووە لە سنوری ناحییەی ئاغجەلەری سەر بە قەزای چەمچەماڵ.

دەشڵێت، کتێبەکە جیاواز لەوانی تر بەشێکی بە شێوەی ڤیدیۆ دیکۆمێنت کراوە.

“ئەم کتێبە بە شێوەی یاسایی و زانستی نیودەوڵەتی کارم لەسەر کردووە، بە گوێرەی پسپۆڕییەکەم توانیومە مادە یاساییەکان تاوانی جینۆساید جێبەجێ بکەم لەسەر پرۆسەی ئەنفال”، هەژار بەرزنجی وای وت.

ئەنفال پڕۆسەیەکی کۆمەڵکوژیی بوو بەرانبەر نەتەوەی کورد کرا، لە لایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە، لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ تا مانگی ئاب بە هەشت قۆناغ ئەنجامدرا و تاوەکو ١٨٢ هەزار هاوڵاتیی کورد لە شوێنەکانیان راگوێزران یان کوژران..

نوسەری کتێبی سێکوچکەی زام باس لەوەش دەکات، تەنیا لەسەر قۆناغی چواری ئەنفال وەستاوە، “بە وردیی باسی ئامار و ناو و تەمەن و رەگەزمان کردووە و دەکرێت لە هەر دادگایەکدا بۆ سەلماندنی تاوانەکە بە کار بهێندرێت.”