لە قەڵادزێ ٦٠ کیلۆ مادەی هۆشبەر سوتێنرا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

هێزەکانی ئاسایش لە قەڵادزێ لە ماوەی شەش مانگدا دەستیانگرتووە بەسەر بڕی ٦٠ کیلۆ مادەی هۆشبەر و ٩٠٠ گرام هێرۆیین و ٢٠ پارچە حەبی میسادۆن.

ئاسایشی قەڵادزێ لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، سەرجەم مادە هۆشبەرەکان لە کوورەی نەخۆشخانەی فێرکاری شەهیدانی قەڵادزێ سووتێنران.

مادە هۆشبەرەکان پێکهاتبوون لە ٤٠ کیلۆ تلیاک، ١٩ کیلۆ کریستاڵ، یەک کیلۆ حەشیش، ٩٠٠ گرام هێرۆیین و ٢٠ پارچە حەبی میسادۆن.

ئارام مەلا، وتەبێژی ئاسایشی راپەرین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “بەداخەوە بە شێوەیەکی گشتی ئەمساڵ مادەی هۆشبەر روو لە زیادبوون بووە، سنووری ئێمە زیاتر وەک ترانزیت (شوێنی گواستنەوە) بەکاردێت.”

ئارام مەلا وتیشی، لە ماوەی شەش مانگدا ١٧ دۆسیەی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان لە قەڵادزێ بە تەواوی یەکلابووەتەوە.

لە رۆژی ٢٤ی ئەیلولی ئەمساڵ ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ مانگدا ٥٨٨ بەکارهێنەر و “گەورە بازرگان”ی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون و نزیکەی ٣٨١ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریش دەستیبەسەرداگیراوە.

بەپێی ئاماری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە رێژەی ناوەندیی، لە هەر رۆژێکدا شەش بەکارهێنەر و بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەركان، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا یەک هەزار و ٩٤٣ کەس بە تۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانی كردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیركراون.