ڤیدیۆ: ئاوی کانییەکی بەردەڕەش چوار وەرزەی ساڵ گەرمە

+964

زەید کۆچەر – بەردەڕەش

کانییەکی گوندی قایماوای قەزای بەردەڕەش، چوار وەرزەی ساڵ ئاوەکەی گەرمە و خەڵکی ناوچەکە سەردانی دەکەن و هەندێکیان لەبری گەرماو بەکاری دەهێنن.

 گوندی قایماوا دەکەوێتە بەشی رۆژئاوای قەزای بەردەڕەش، کانی ئەم گوندە بووەتە جێی سەرنجی خەڵکی ناوچەکە و جیاوازییەکەی ئەوەیە چوار وەرزەی ساڵ ئاوەکەی گەرمە و خەڵک بۆ چارەسەری نەخۆشی بەکاری دەهێنن، هەندێکیشیان دەڵێن وەک گەرماو زستانان خۆیانی لێ دەشۆن.

عەدنان حەمید قادر، تەمەن ٥٦ ساڵ، هاوڵاتییەکی ئەم گوندەیە، ئاوا باسی کانی گوندەکەیان دەکات، “باپیرانمان باسی ئەم کانییەیان بۆ کردووین، جاران لە ماڵ خەڵک گەرماوی نەبوو، هەموو خەڵکی گوند لەو کانییە خۆیان و جلەکانیان دەشۆرد، هەندێک خەڵکی تر بۆ چارەسەری نەخۆشی حەساسیە و فەقەرات بەکاریان دەهێنا”.

خەڵکی گوندی قایماوا دەڵێن، جاران بەیانیان تا کاتژمێر 4ی ئێوارە تەنیا ژنان سەردانی کانییەکەیان دەکرد، دوای ئەو کاتە، پیاوانی گوند و تەنانەت خەڵکی دەوربەریش روویان تێکردووە.