گەنمەشامی جێگەی گەنم و جۆ دەگرێتەوە
“هۆکارەکەی بۆ گرانی ئاردی گەنم دەگەڕێتەوە”
میدیازان – وریا رەسوڵ – دوبس
لە قەزای دوبس و ناحییەکانی دەوروبەری، ئەمساڵ بە رێژەیەکی زیاتر گەنمەشامی چێندراوە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەزاکەش دەڵێت، هۆکارەکەی بۆ گرانی ئاردی گەنم دەگەڕێتەوە.
ئەمساڵ لە قەزای دوبسی سەر بە پارێزگای کەرکوک نزیکەی 10 هەزار دۆنم زەوی کراوە بە گەنمەشامی، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو نزیکەی شەش هەزار دۆنم بووە.
عامر ساڵح، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دوبس ئەو ئامارەی بۆ میدیازان پشتڕاستکردەوە و وتی، ئەمساڵ کارئاسانییان بۆ جوتیارانی دەڤەرەکە کردووە لە چاندنی گەنمەشامی.
ئەو بەرپرسە هۆکاری چاندنی گەنمەشامی بەو رێژە زۆرە بۆ گرانی گەنم و جۆ و ئاردەکانیان گەڕاندەوە، هەروەها ئەوەی روونکردنەوە، گەنمەشامی بۆ زەیت و ئالیکی ئاژەڵانیش بەکاردێت.
هەر ئەمساڵ لە ناحیەی شوان و پردێ و سەرگەڕان، کە هەرسێکیان سەر بە قەزای دوبسن، نزیکەی 30 هەزار دۆنم زەوی کراون بە گەنمەشامی، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو، نزیکەی 20 هەزار دۆنم زەوی بووە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر، میدیازان بڵاویکردەوە، لە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێریش زەوییەکی دوو هەزار دۆنمی کراوە بە گەنمەشامی، ئەوەش بە قەبارەی 20 هێندەی ساڵانی رابردوو بوو لەو ناوچەیە.