گەشت بکەی مافی مانەوەت لێ وەردەگیرێتەوە

964+

فەهمی نەبی -هەولێر

حکومەتی نوێی سوێد رایدەگەیەنێت، هەر کەسێک مافی مانەوەی لە سوید هەبێت و بزانرێت سەردانی وڵاتەکەی خۆی کردووىتەوە، مافی پەنابەری لێ وەردەگیرێتەوە.

ئەمڕۆ 22ی کانونی یەکەمی 2022، ماریا مالمێر ستینەرگارد، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی سوێد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامه‌نووسیدا رایگەیاند، حکومەتی سوێد دەستواڵایی داوەتە دەزگه‌ی کۆچ، مافی مانەوەی ئەوانە هەڵبوەشێنێتەوە کە خراپ مامەڵە بەو مافەوه‌ دەکەن.

حکومەتی نوێی سوێد بە سەرکردایەتی مۆدراتەکان، بڕیاری داوە هەر کەسێک دوای وەرگرتنی مافی پەنابەری بچێتەوە وڵاتەکەی بە سەردان، مافی مانەوەی لێ وەردەگیرێتەوە، بە وتەی وەزیری کۆچ، بڕیاریان داوە چیتر نەهێڵن سیستمی کۆچی سوێدی خراپ بەکاربێت.

وەزیری کۆچ ئەوەشی وتوە، ئەو مافەی بە پەناخواز دەدرێت، بۆ گەشتکردن نییە، بۆیە لەمەودوا ئەوانەی مافی مانەوەیان هەیە چاودێری دەکرێن تا بزانرێت گەشت دەکەن یاخود نا.

لە 18ی تشرینی یەکەمی 2022 حکومەتی سوێد بە سەرۆکایەتی ئولف کریستەرشۆن دەستبەکاربووە، لە کارنامەی حکومەتی نوێدا هاته‌وە، لەمەودوا بە بڕیاری وەرگرتنی مافی پەناخوازی دەچنەوە.