بەڕێوەبەرایەتی بەشە ناوخۆیی دهۆک. وێنە:964+
زیاتر لە شەش ملیار دینارە
دوو ساڵە کرێی باڵەخانەی بەشە ناوخۆییەکانی دهۆک نەدراوە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە کرێی ئەو باڵەخانانە نەدراوە، کە زانکۆی دهۆک ساڵانە بۆ بەشی ناوخۆیی خوێندکارانی بەکرێیان دەگرێت.
964 لە زانکۆی دهۆکەوە دەزانێت، کرێی ساڵانەی بەشە ناوخۆییەکان سێ ملیار و 500 ملیۆن دینارە، بەڵام لە سەروەختی کۆڤید19 ئەو بڕە بۆ ملیارێک و 900 ملیۆن دینار کەم بووبووەوە.
“ئێستا حکومەتی هەرێم دەڵێت ئەو جیاوازییە چییە؟ و لیژنەی بۆ پێکهێناوە و تا کۆتایی کاری لیژنەکە کرێکان نادرێن”، ئەوە قسەی مەڕوان فەندی، بەڕێوەبەری ژمێریاری زانکۆی دهۆکە بۆ 964.
وتیشی، “ئێمە بە بەردەوامی داوامان لە حکومەت و وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە کرێی باڵەخانەی بەشە ناوخۆییەکان بدەن”.
قەرزی کرێی بەشە ناوخۆییەکان لەسەر زانکۆی دهۆک گەیشتووەتە شەش ملیار و هەشت سەد ملیۆن دینارە.
کاروان بێتاسی، خاوەنی یەکێک لە باڵەخانەکانە کە بۆ بەشی ناوخۆیی لێی بەکرێ گیراوە، ئەو بۆ 964ـی روونکردنەوە، 156 ملیۆن دینارم لای زانکۆی دهۆکە.
دەشڵێت، سەرباری نەدانی کرێکانمان، ئێستا پاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی مانگانەی بەشە ناوخۆییەکان لە ئەستۆی خۆیانە و “ئەوەش بارگرانییەکی زۆری بۆ دروست کردووین”.
زانکۆی دهۆک بۆ 61 بەش، باڵەخانە بەکرێ گیراون و 12 بەشی ناوخۆیی حکومیش هەن، 52 بەشی ناوخۆیی کوڕانن و 21 بەشی ناوخۆیی کچانن.
ژمارەی خوێندکارانی بەشی ناوخۆیی کە ئێستا لە بەشە ناوخۆییەکان نیشتەجێن سێ هەزار و 822 خوێندکارن، دوو هەزار و 218 کوڕن و هەزار و 604 کچن.
بەهۆی مەترسی تەقینی تانکی غازی LPG بەشە ناوخۆییەک چۆڵکرا
زانکۆی دهۆک بازاڕسازى و پلانسازى زیاد كرد
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد