یانه‌ی هه‌ولێر هه‌ڕه‌شه‌ی كشانه‌وه‌ ده‌كات

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

یانه‌ی هه‌ولێر روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی كشانه‌وه‌ له‌ خولی پله‌ یه‌كی كوردستان ده‌كات، ئه‌ندامێكی كارگێڕیی یانه‌كه‌ش ده‌ڵێت، له‌ یاریگه‌ی خۆشماندا ناوبژیوانان سته‌ممان لێده‌كه‌ن.

یانه‌ی وه‌رزشیی هه‌ولێر، روونكردنه‌وه‌یه‌كه‌یان له‌ په‌یجی فه‌رمیی یانه‌كه‌ له‌ فه‌یسبووك بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، تێیدا باسی ئه‌وه‌یان كردووه‌، له‌ خولی پله‌ یه‌كی كوردستان چه‌ند یارییه‌كه‌ له‌ لایه‌ن ناوبژیوانانه‌وه‌ سته‌میان لێ ده‌كرێت.

یانه‌كه‌ نووسیویانه‌ “وەك ئاگادارن، تیپی تۆپی پێی خولی کوردستانی یانەکەمان بەشداربوو لە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، (7) حەوت یاری لە خولەکە ئەنجامداوە بەرامبەر یانەکانی (بابان، سێمێڵ، خانەقین، کۆیە، گارە، بازیان، شۆڕیجە)، لە پێنج یاری لە کۆی ئەو حەوت یارییەدا، بە شایەدی سەرپەرشتیارە بەڕێزەکانی ئەم یارییانە، ستەم و ناهەقییەکی گەورە بەرامبەر یانەکەمان کراوە، بە تایبەتی لە لایەن ناوبژیوانانەوە”.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێن “بەداخەوە پارساڵیش بە هەمان شێوە ستەمێکی زۆر لە یانەکەمان کرا و دیسانەوە ناوبژیوانان هۆکاری دابەزینی یانەکەمان بوون لە ریزی یانە نایابەکانەوە بۆ ریزی یانە پلە یەکەکان”.

“لێرەوە داواکارین چاوخشاندنەوە بە شێوازی بەڕێوەبردنی یارییەکانی خولی یانە پلە یەکەکان بکرێت و کەسانی شارەزا و بەئەزموون لە نزیکەوە ئاگاداری چۆنیەتی بەڕێوەچوونی خولەکە بن، تەنیا داوامان بەڕێوەبردنی یارییەکانە بە شێوازێکی دادپەروەرانە، لە کۆتاییدا رایدەگەیەنین ئەگەر بێتو لە یارییەکانی داهاتووی یانەکەمان ستەم و ناهەقیمان بەرامبەر بکرێت، ناچار دەبین کشانەوەی خۆمان لە خولەکە رابگەیەنین” له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ی یانه‌ی هه‌ولێردا وا هاتووه‌.

هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌ ئه‌حمه‌د شوكر ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕیی یانه‌ی هه‌ولێر به‌ 964+ی وت، “لە ماوەی رابردوودا فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستانمان لەو ناهەقیانەی بەرامبەر یانەکەمان ده‌كرێت، ئاگادارکردووه‌تەوە و داواکارییەکانیشمان پێشکەشی سکرتێری فیدراسیۆنه‌كه‌ كردووه‌”.

وتیشی: “نه‌ك له‌ یاریگه‌ی تیپه‌كانی به‌رامبه‌رمان، به‌ڵكو له‌ یاریگه‌ی خۆشماندا ناوبژیوانان سته‌میان لێكردووین، ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌ وابڕوات ناچارین له‌ خوله‌كه‌ بكشێینه‌وه‌”.

یانه‌ی هه‌ولێر هه‌ر له‌گه‌ڵ روونكردنه‌وه‌كه‌دا، دوو ڤیدیۆیان له‌ په‌یجه‌كه‌یان پۆست كردووه‌، كه‌ چه‌ند حاڵه‌تێكی ناوبژیوانییه‌ و پێیان وایه‌ ناوبژیوان سته‌می لێكردوون.

یانه‌ی هه‌ولێر، كه‌ سێ جار نازناوی خولی پله‌ نایابی كوردستانی به‌ده‌ستهێناوه‌، ئه‌م وه‌رزه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ریزی یانه‌ پله‌ یه‌كه‌كانی كوردستان یاریی ده‌كات، دوای ئه‌وه‌ی وه‌رزی رابردوو تیپه‌كه‌ بۆ پله‌ یه‌ك دابه‌زی.

یانه‌ی هه‌ولێر دوو تیپی جیاوازی بۆ هه‌ردوو خولی نایابی عێراق و خولی پله‌ یه‌كی كوردستان هه‌یه‌.