بۆچی پەرلەمانی کوردستان کۆنابێتەوە؟

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

نزیکەی ٣٠ رۆژە پەرلەمانی کوردستان هیچ دانیشتنێکی نەکردووە، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمان دەڵێت، ئەو دامەزراوەیە کەوتووەتە پشووەوە، بەڵام سەرەتای ساڵی نوێ دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجام دەدەن.

بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، خولی پاییزەی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی ئەیلوول تا کۆتایی مانگی کانوونی یەکەم درێژ دەبێتەوە و دواتر پشووی پاییزە دەست پێ دەکات.

بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمانی کوردستان، کۆتا دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی ٣٠ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بووە.

زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بە +964ـی وت: “ئێمە کەوتووینەتە پشووی خولی پاییزەوە، جگە لەوەش کارکردن لە یاسای کاردا کە دوو خوێندنەوەی بۆ کراوە، کاری زۆری ویستووە و یەکێک لە گرنگترین کارەکانی پەرلەمان بووە.”

ئەو دەڵێت؛ ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کاریگەریی لەسەر کۆنەبوونەوەی پەرلەمان نەبووە.

“دوای پشووەکانی سەری ساڵ پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی نائاسایی دەکات بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای کار و هەروەها گۆڕانکارییەکی وەزاریش هەیە، کە وردەکارییەکەی لای سەرۆکایەتیی پەرلەمانە و ئاگاداری نین”، زیاد جەبار وای وت.