پێشمه‌رگه‌یه‌ك نۆ رۆژه‌ لە بەغدا بێسه‌روشوێنه‌

964+
سه‌عید محەمەد – هەولێر

پێشمەرگەیەک کە بۆ کار کردن لەگەڵ خاڵی دەچێتە بەغدا، ماوەی نۆ رۆژە بێسەروشوێنە. باوکی دەڵێ؛ تا گەیشتە بەغدا ئاگام لێی بوو، لە پڕێک تەلەفۆنەکەی داخراو تائێستا بێسەروشوێنە.

پێشمەرگەیەک بە ناوی ئەیاز زوبێر ساڵح، کە دانیشتووی پارێزگای دهۆکە، ماوه‌ی نۆ رۆژه‌ بێسه‌روشوێنه‌، ئه‌مه‌ش به‌ گوته‌ی باوكی، به‌رپرسه‌كه‌شی ده‌ڵێت، تا كاتی هاتنه‌وه‌ی بۆ ده‌وام نه‌یه‌ته‌وه‌، ناتوانین به‌دواداچوون بۆ چاره‌نووسی بكه‌ین.

زوبێر ساڵح، باوكی ئه‌یاز به‌ 964+ـی راگه‌یاند، کوڕەکەی به‌ره‌و به‌غدا رۆیشت بۆ ئەوەی لەگەڵ خاڵی کار بکات، بەڵام دوای گەیشتنی بە گەراجی بەغدا دیار نەماوە.

ئه‌یاز لەدایکبووی 1991ـه‌ و خێزاندارە و یەک منداڵی هەیە، کە منداڵه‌كه‌ی دوو مانگە لەدایکبووە.

باوكی ئه‌یاز وتی “پێش نیوەڕۆی رۆژی هەینی پێشووتر 16ـی ئەم مانگە، ئه‌یاز له‌ دهۆكه‌وه‌ به‌ره‌و موسڵ به‌ڕێكه‌وت له‌وێشه‌وه‌ بۆ به‌غدا، له‌ گه‌راجی عه‌للاوی له‌ به‌غدا دابه‌زیوه‌، به‌ڵام له‌وێوه‌ ون بووه‌.

وتیشی: کوڕەکەم كه‌ نزیکی گەراجی به‌غدا بووه‌ته‌وه‌، تەلەفۆنێ بۆ خاڵی کردووە و پێی راگەیاندووە کە نزیکه‌، پاش گەیشتنی بە گەراجی عەللاوی، پەیوەندیی پچڕاوە و تا ئێستا هیچ زانیارییمان لەسەری نییە”.

ئه‌یاز لە میحوەری مەخموور و چیای قەڕەچوغ پێشمەرگەیە، مانگانه‌ 15 رۆژ دەوامی هه‌یه‌، ئه‌و كاتانه‌شی ده‌وامی نییه‌ هه‌وڵ ده‌دات كار بكات.

تائێستا لە بەغداین، بەڵام هیچ سۆراغێمان دەستنەکەوتووە

“لە بنکەی پۆلیسی جعێفر له‌ بەغداد سکاڵام تۆمار کردووە، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نزیک گەراج عەللاوی، ئه‌وانیش نووسراویان بۆ دادگا کردووە و پۆلیس پێ ڕاگەیاندووین لە بەغداد بمێننەوە تا پەیوەندیتان پێوە دەکەین، ئێمەش تائێستا لە بەغداین، بەڵام هیچ سۆراغێمان دەستنەکەوتووە”، باوكی ئه‌یاز وای وت.

لای خۆیەوە رائید محه‌مه‌د مزوری، ئەفسەر لە میحوەری مه‌خموور و سەرپەرشتیاری ئەیاز، بە 964+ی وت: “ئەیاز لای ئێمە پێشمەرگەیە، بەڵام لە دەوامی فەرمی نەبووە و ئێمەش ئاگادار نەبووینە چووە بۆ بەغدا”.

وتیشی: تا کاتی گەڕانەوەی بۆ ده‌وام نه‌یه‌ت، ناتوانین بەدواداچوون بکەین، بەڵام رۆژی 14/ 1/ 2023 ڕۆژی گەڕانەوەیەتی بۆ دەوام، ئەو کات ئامادە نەبێت ئێمە نووسراو دەکەین بۆ سەرووی خۆمان، تا لێکۆلینەوە لە نەهاتنی بۆ دەوام بکەن.

بە پێی زانیاری 964+ ئەیاز بۆ بژێوی ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵی چووەته‌ به‌غدا، چونكه‌ گوزه‌رانی باش نه‌بووه‌، هەروەها کاتێک چووە بۆ بەغدا پارەی پێ نەبووە، خاڵی پێی وتووه‌ کە گەیشتی من پارەی تەکسییه‌كه‌ دەدەم، بەڵام دوای گەیشتی تا ئێستا پەیوەندیی پچڕاوە و کەس نازانێت دەستگیرکراوە، یان رفێندراوە یان شتێکی بەسەر هاتووە