لە نەجەف و بەسرە لافاو روویدا

+964

بەشی کوردی

بەهۆی ئەو شەپۆڵە بارانبارینەی ٢٤ کاتژمێری رابردوو شارەکانی باشووری عێراقی گرتەوە، لە نەجەف و بەسڕە لافاو روویدا، لە قەزای ئەزیزیە زۆرترین ئاستی باران باریوە کە ٦٣ ملیم بووە.

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، رایگەیاند؛ لە دوێنێوە بارانێکی زۆر لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق باریوە کە بڕەکەی بە گشتی لەنێوان ٣٠ بۆ ٤٠ ملیم بووە.

بەگوێرەی راگەیەنراوی بەشی کەشناسی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، زۆرترین ئاستی بارانبارین لە پارێزگای دیالە تۆمار کراوە کە ٦٦ ملیم بووە، لە وێستگەی بەنی سەعد، دوای ئەویش قەزای عەزیزە دێت لە پارێزگای واست کە ٦٣ ملیم باران باریوە.

 پەیامنێری +964 لە شاری ناسڕییە دەڵێ؛ لە سەنتەری شاری ناسڕییە بڕێکی زۆر باران باریوەو بەگوێرەی بەرپرسانی کەشناسی گەیشتووەتە ٣٧ ملیم.

بەرپرسانی کەشناسی شارەکە دەڵێن؛ لە کاتژمێر نۆی شەوی رابردوو تاوەکو نۆی بەیانی ئەمڕۆ، ئاستی باران بارین لە ٢٠ ملیمەوە زیادی کردووە بۆ ٣٧ ملیم، ئەو بڕە باران بارینەش لە ناسڕییە یەکەمجارە ببارێت.

هەر بەهۆی ئەو بڕە زۆرەی باران بارین، لە هەردوو شاری نەجەف و بەسرە، لافاو دروستبووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی بەهۆی لافاوەکە تۆمار نەکراوە.