رۆژانی دووشەممەیە

گەشتی ئاسمانیی نێوان سنە و سلێمانی دەستپێدەکات

964+

پێشەوا محەمەد

لە ئاییندەیەکی نزیکدا گەشتی ئاسمانیی نێوان سنە، تاران و سلێمانی دەستپێدەکات و گەشتەکە هەفتەی رۆژێک و لە رۆژانی دووشەممە ئەنجام دەدرێت. ئەوە قسەی بەرپرسێکی سنەیە بۆ ماڵپەڕی خەبەرنگاران جوانی فارسی.

ماڵپەڕەکە لە زاری عەلی نووری، جێگری سەرۆکی نوسینگەی هەماهەنگی ئابووریی پارێزگای سنە بڵاویکردووەتەوە، دوای وەرگرتنی مۆڵەتی پێویست بۆ دەستپێکردنی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی پۆیا لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی و بەرپرسانی حکومەتی عێراق، یاداشتێکی هاریکاری لە نێوان سنە و هێڵی ئاسمانی پۆیا ئیمزا کراوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، گەشتەکە ترانزێت دەبێت، لە تارانەوە بۆ سنە و دواتر بۆ سلێمانی و بە پێچەوانەشەوە، لە سلێمانییەوە بۆ سنە و پاشان تاران.

بەرپرسەکەی پارێزگای سنە ئەوەشی وتووە، “ئەو گەشتە بۆ بازرگانانی هەرێمی کوردستان سوودی دەبێت و کاریگەریشی لەسەر بووژانەوەی ئابووریی پارێزگای سنە دەبێت”.

964 بۆ زانینی کاتی یەکەم گەشت پەیوەندی بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە کرد و سەرچاوەیەکی فڕۆکەخانەکە، کە نەیویست ناوی بهێندرێت وتی، “تا ئێستا ئەو کۆمپانیایە نەهاتووە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ وەرگرتنی مۆڵەت و بە گشتی کۆمپانیاکان دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق سەردانیان دەکەن”.

"قه‌ده‌غه‌ ئاسمانییه‌كانى توركیا بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی به‌رده‌وامه‌"