هاتوچۆ ١١ رۆژ مۆڵەت دەداتە بارهەڵگرەکانی ئاسن

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

هاتوچۆی دەربەندیخان، مۆڵەتی ١١ رۆژ دەداتە شۆفێری ئەو بارهەڵگرانەی کە بارەکەیان ئاسنەو دەڵێ؛ لەو ماوەیەدا دەبێت کۆنتێنەرە تێکشکاوەکانیان نوێ بکەنەوە.

مۆڵەتەکە بۆ ئەو بارهەڵگرانەیە کە قەبارەی کۆنتێنەرەکانیان لە ستاندارد دەرچووەو، تەنیشتەکانیان تا مەترێک زیاتریش لە هەیکەلی بارهەڵگرەکە هاتوونەتە دەرەوە.

موقەدەم جاسم عەلی خان، وتەبێژی هاتوچۆی دەربەندیخان بە 964+ـی وت؛ ئەو بارهەڵگرانەی کە ئاسن بار دەکەن، زیانێکی زۆریان بە تونێلی دەربەندیخان گەیاندووە، لەمەودا بە مەرج رێگەیان پێدەدرێت بەناو تونێلەکەدا هاتوچۆ بکەن.

“زۆرجار ئەملاو ئەولای بارهەڵگرەکان بەر دیوای تونێلەکە دەکەوێت، یان رەنگە لەگەڵ بارهەڵگری دیکە لەیەک بدەن”. موقەدەم جاسم عەلی خان وای وت.

964+ زانیاری ئەوەی لە هاوتچۆی دەربەندیخان وەرگرتووە کە مۆڵەتەکە لە ئەمڕۆوە بەسەر بارهەڵگرەکانی ئاسن جێبەجێ دەکرێت، لە پێنجی کانونی دووەمی داهاتوو، کۆتایی دێت.

وتەبێژی هاتوچۆی دەربەندیخان، هۆشداری ئەوەش دەداتە شوفێرانی بارهەڵگری ئاسن کە ئەگەر مەرجەکان جێبەجێ نەکەن، ئەوا رێکاری یاساییشیان بەرانبەر دەگرنەبەرو بەهیچ شێوەیەک رێگەیان پێ نادرێت بەناو تونێلەکە تێپەڕ ببن.