ئه‌مڕۆ به‌هێزترین خولی تۆپی پێ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

دوای وه‌ستانی زیاتر له‌ مانگێك، ئه‌مڕۆ ركابه‌رییه‌كانی خولی نایابی ئینگلته‌را له‌ تۆپی پێ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، كه‌ شاره‌زایان به‌ به‌هێزترین خولی تۆپی پێ له‌ جیهان ناوزه‌دی ده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 26ـی كانوونی یه‌كه‌م، یارییه‌كانی خولی نایابی ئینگلته‌را ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ و یارییه‌كانی گه‌ڕی 17 به‌ڕێوه‌ده‌چن و حه‌وت یاری دێنه‌ ئه‌نجامدان.

خوله‌كه‌ به‌ هۆی به‌ڕێوه‌چوونی مۆندیالی 2022 له‌ قه‌ته‌ڕ، زیاتر له‌ مانگێكه‌ وه‌ستاوه‌ و یارییه‌كانی گه‌ڕی 16 له‌ 12 و 13ی تشرینی دووه‌می رابردوو به‌ڕێوه‌چوون.

له‌ به‌هێزترین یارییه‌كانی ئه‌مڕۆدا ئه‌ستۆن ڤێللا و لیڤه‌رپوول، هه‌روه‌ها ئارسیناڵ و وێستهام رووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه‌.

خشته‌ی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت:
برینتفۆرد – تۆتێنهام 15:30
ئێڤێرتۆن – ولڤه‌رهامتۆن 18:00
ساوسامتۆن – برایتۆن 18:00
لێسته‌ر سیتی – نیوكاسڵ یونایتد 18:00
كریستاڵ پاڵاس – فولهام 18:00
ئه‌ستۆن ڤێللا – لیڤه‌رپوول 20:30
ئارسیناڵ – وێستهام 23:00.

پێش ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی یارییه‌كانی خوله‌كه‌، ئێستا یانه‌ی ئارسیناڵ له‌ پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندییه‌ و 37 خاڵی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها یارییه‌كی دواخراویشی هه‌یه‌.

خولی نایابی ئینگلیزی یه‌كێكه‌ له‌ دێرینترین خوله‌كانی تۆپی پێ له‌ جیهان، چاودێرانی وه‌رزشیش به‌ به‌هێزترین خولی تۆپی پێی ده‌زانن، به‌و پێیه‌ی كۆمه‌ڵێك یانه‌ی به‌هێزی له‌خۆگرتووه‌ و ركابه‌رییه‌كان له‌ ئاستێكی به‌هێزدان.

خولی ئینگلیزی به‌ به‌شداریی 20 یانه‌ دێته‌ ئه‌نجامدان و به‌ شێوازی دوو قۆناغ ده‌كرێت.

خوله‌كه‌ سه‌ره‌تا خولی پله‌ یه‌ك بوو، یه‌كه‌م وه‌رزی له‌ 1888-1889 ده‌ستی پێكردووه‌، به‌ڵام له‌ 1992-1993 ناو و سیستمی خوله‌كه‌ گۆڕا و كرایه‌ خولی نایابی ئینگلته‌را.