مەسرور بارزانی بە گۆڕینی وەزیرەکانی یەکێتی رازی بوو

+964

كوردستان ئەحمەد- هەولێر

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، رەزامەندیدا بە گۆڕانکارییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پشکی وەزیرەکانی لە کابینەی حکومەت.

یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، پرسی گۆڕینی هەندێک لە وەزیرەکانی تیمی یەکێتییە لە حکومەت کە پێشتر مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران بەو گۆڕانکارییانە رازی نەبوو.

لە دیارترین ئەو وەزیرانەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەیویست بیگۆڕێت، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە بوو، هەروەها دانانی سەرکەوتی کوبە بە بریکاری وەزیری ناوخۆ.

پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی، بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچن و جاوەڕوان دەکرێت دوای پشووەکانی ساڵی نوێ، هەردوولا کۆببنەوە.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند؛ دوای پشووەکان، رێباز بێركۆتی، لە پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەبێتە وەزیری پێشمەرگە و ئەحمەد عەسكەری دەبێتە وەزیری هەرێم بۆ كاروبای نێوان هەرێمی كوردستان وعێراق.

بەپێی زانیارییەكانی دەست +964 كەوتووە، لەگەڵ ئەوەی پەرلەمان دوای پشوەكانی سەری ساڵ دەچێتە پشووی زستانە، بەڵام قسە لەسەر کۆبوونەوەیەکی نا ئاسایی پەرلەمانی كوردستان کراوە بۆ ئەوەی متمانە ببەخشێتە وەزیرە نوێیەکانی یەکێتی.