كارمەندانی تەندروستی كەركوك: لە پێدانی زەوی جیاکاری دەکرێت

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

کارمەندانی تەندروستی کەرکوک، دژی جیاکاری لە دابەشکردنی زەوی بەسەریاندا نارەزایەتییان نیشاندا.

ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی کانونی یەکەم، دەستکرا بە دابەشکردنی 550 پارچە زەوی بەسەر کارمەندانی تەندروستی لە کەرکوک.

دابەشکردنی زەوییەکە، جێبەجێکردنی بڕیاری  ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە کە سێ رۆژ لەمەوبەر رایگەیاندبوو، مەرجی ئەوەی لەگەڵ بوو کە زەوییەکان دەدرێن بەو فەرمانبەرانەی خاوەنی زەوی و خانوو نەبن.

ئەو فەرمانبەرانەی ئەمڕۆ نارەزایەتییان دەربڕی، دەڵین؛ زەوی دراوە بە هەندێک پزیشک کە خاوەنی ڤێللایە.

عەلی محەمەد جەمیل، بەڕێوەبەری چاودێری لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك بە 964+ـی راگەیاند؛ تا ئێستا 400 پارچە زەوی دابەشکراوە، بەڵام تەنیا 150 فەرمانبەری شایستە سودمەند بوون، ئەوانی دیکە ڤێللاو خانوی خۆیان هەیە.

ژمارەیەك لە كارمەندانی تەندروستی لەبەردەم باڵەخانەی فەرمانگەکایان لە دژی ئەو بڕیارە گردبوونەوە، بە وتەی ئەوان لیژنەیەک پێکهاتووە بۆ ئەوەی لە دابەشکردنی زەوییەکاندا کار بە یاسای ژمارە  118ـی ساڵی  1986 بکرێت بۆ ئەوەی رێگە بەوانەش بدرێت کە خاوەنی خانو و زەوین، سودمەند بن.

بەپێی بڕیارەکەی ئێستای حکومەتی عێراق، کارمەندانی تەندروستی فەرمانگەکە بەپێی خاڵبەندی سودمەند دەبن و دەبێت دانیشتووی شاری كەركوك بن، خانو و زەوییان نەبێت، تاپۆیان بەناوەوە نەبێت و ساڵی خزمەت و ژمارەی منداڵیش بە خاڵ بۆیان هەژمار دەکرێت.

عەلی محەمەد جەمیل، بەڕێوەبەری چاودێری لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك نمونە بەخۆی دەهێنێتەوەو دەڵێ؛ ئێستا بەندە ٥٤ خاڵم هەیە و ناوم نەگەڕاوەتەوە لە لیستەكەدا بۆ ئەوەی زەوی وەربگرم.”

شەهلە عەبدولرەحمان، نوێنەری سەندیكای پەرستارانی عێراق بە 964+ـی وت؛ پاڵپشتی بڕیاری دابەشكردنی زەوین بەسەر كارمەندانی تەندروستی بەبێ جیاوازی و دەبێت تەنیا بدرێت بە کارمەندانی تەندروستی نەک پزیشکان.

نزیکەی  12 هەزار فەرمانبەر و پزیشک لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك کار دەکەن و مووچەکانیان سەر بە حکومەتی ناوەندییە.