+964 هاتوچۆى كه‌لار لە شكاندنى ئاوێنه‌یه‌كی شار ئاگادار دەکاتەوە

+964

میلاد جه‌لال – كه‌لار

چەند رۆژێکە ئاوێنەیەکی قۆقزی ئاگادارکردنەوەی شۆفێر لە گەڕەکی فەرمانبەرانی کەلار شکێندراوە و ھاتوچۆی گەرمیانیش دەڵێت ئاگامان لێی نیە.

ئاوێنەی قۆقزی، کە بۆ ئاگادارکردنەوەی شۆفێر لە ناوچەی کوێر دادەنرێت، رۆڵێکی گرنگی ھەیە لەوەی شۆفێر لەکاتی سوڕانەوە لە پێچەکاندا بەباشی ئۆتۆمبێلی بەرانبەر ببینێت.

مقەدەم سامان عه‌لی، وتەبێژی ھاتوچۆی گەرمیان بە +964ـی وت؛ ئاگاداری ئەو بابەتە نین، ھیچ کەسێکیش ئاگاداری نەکردوینەتەوە لە شکاندنی ئەو ئاوێنە قۆقزییە.

وتەبێژەکەی ھاتوچۆ وتیشی “دوای پەیوەندییەکەی +964، دەستبەجێ تیمیان بردۆتە شوێنی شکاندنی ئاوێنەکە و دەستمان بە لێکۆڵینەوەو وەرگرتنی کامێراکانی چاودێری ئەو ناوچەیە کردووەو دوای ئەوەی ئاشکرابوو کێ شکاندویەتی سکاڵامان لەسەر تۆمار کرد”.

لە گەرمیان، ١٥ ئاوێنەی قۆقزی دانراوە، لە ماوەکانی خۆپیشاندانه‌كانى رابردوو چەند دانەیەکیان لە کەلار و کفری شکێندران و دواتر چاککراونەتەوە.