لە ئێران چی دەگوزەرێت؟

+964
كوردستان ئەحمەد – هەولێر

خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەكان لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان بەردەوامن و حكومەتی ئێرانیش بە توندترین شێوە رووبەروویان دەبێتەوە.

به‌ پێی سۆراخی 964+، تا ئێستا ٥١٠ كەس كوژراون و زیاتر لە ١٨هەزار و ٥٠٠ كەسیش دەستگیركراون.

حوسێن ئەحمەد نیازی، پارێزەری نێودەوڵەتی بەشێك لە زیندانییه‌ سیاسییه‌كانی رۆژهەڵاتی كوردستانه‌، ئه‌و بە 964+ـی راگەیاند، “دۆخی زیندانیان لە رۆژهەڵاتی كوردستان زۆر خراپە،  زیندانەكان جێگەی یەك كەسی دیكە نابێتەوە”.

بە قسەی ئەحمەد نیازی، زیندانییەكان كە لە زیندان ئازاد ده‌كرێن، دوای دوو رۆژ دەمرن، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی زیندانییەكان ژەهرخوارد دەكرێن، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “دەوڵەت زیندانییه‌كان بە خراپترین شێوە دەكوژێت و بەشێك لە تەرمەكانیش فرێدەدرێنە ناو ئاوی دەریاكانەوە”.

لە شارەكانی كرماشان، ئیلام، دیواندەرە، كرمان، ئەسفەهان، تاران و شارەكانی دیكە خۆپێشاندان و ئاڵۆزی زۆر هەیە.

سەردار وه‌له‌دبه‌گی، جێگری سەرۆكی بزووتنەوەی سەربەخۆخوازانی كوردستان لە بارەی دۆخی ئێرانەوە قسەی بۆ 964+ كرد، “كۆماری ئیسلامی ئێران هەرگیز رێگەنادات ئاڵۆریی سیاسی رووبدات، تەنیا دەبێت گەل لە ناوخۆدا شۆرش بكات.

وتیشی، “ئێستا دۆخێكی سیاسی گرنگ دروست بووە، بەڵام وڵاتانی جیهان پشتیوانی گەلانی ئێران ناكەن، بێدەنگن لە دۆخەكە و نایانەوێت ئاڵۆزیی زیاتر ببێت، ئەمەش زیان بە هاوڵاتیانی ئێران دەگەیەنێت”.

بەهۆی كوشتنی ژینا ئەمینی لە رۆژی ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢، لە ئێران خۆپێشاندانی سەرتاسەری دەستی پێکرد، تا ئێستا ٥١٠ كەس كوژراون و زیاتر لە ١٨هەزار و ٥٠٠ كەسیش دەستگیركراو، هەروەها دوو كەسیش بە تۆمەتی سووتاندنی شوێنە گشتییەكان و كوشتنی پۆلیس لە سێدارە دراون.6