لەپردی دەلال حەوت شەو و حەوت روژ ئاهەنگ و شاییە

964+ 

شڤان عەبدولڵا – زاخۆ

جیاواز لە ئامادەکارییەکانی شارەکانی دیکە، لە زاخۆ، بە هەفتەیەک ئاهەنگ و شایی لەسەر پردی دەلال، پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەن.

بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ئیدارەیی سەربەخۆی زاخۆ، بۆ ئەم هەفتە ئاهەنگە داوەتنامەیان بۆ ژمارەیەکی زۆر هونەرمەند لەسەرجەم ناوچەکانی کوردستان ناردووە، بەنیازن بۆ هەر شەوێک چەندین هونەرمەند لە گوڕەپانی پردی دەلال گورانی بڵێن و ئاهەنگ بگێڕن.

بۆ ئەو هەفتە ئاهەنگە، هەر لە دەروازەی زاخۆ روناکی هەڵواسراوە و داری کریسمس دانراوە تا دەگاتە گوڕەپانی پردی دەلال، ئەمەش وایکردووە جموجوڵێکی زور بکەوێتە ئەو ناوچەیە و خەڵک و گەشتیارێکی زور لە دەوروبەری کۆببنەوە.

چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ بۆ 964+ وتى؛ بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵ چەندین چالاکی ئەنجامدەدرێت و پێشبینی دەکەین نزیکەی پەنجا هەزار گەشتیار سەردانی زاخۆ بکەن.

+964 دەزانێت، لەمساڵدا 198 هەزارو 938 گەشتیاری ناوەڕاست  و باشوری عێراق سەردانی زاخۆیان کردووە.

بێوار سندی، بەرپرسی راگەیاندنی گەشتوگوزاری زاخۆ بە 964+ وت؛ جگە لە ئاهەنگ، ئەوا پانزە کابینەی خزمەتگوزاری گەشتیاری لە خواردنگەو ساردەمەنی، لەسەر پردی دەلال دانراوە.