خوێندکارە کوردەکان مەدالیای برۆنزیان بەدەستھێنا
+964
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
پێنج خوێندکاری کوردستان، پلەی سێیەمی پاڵەوانیەتی زانکۆکان بەدەست دەهێنن کە پانزە نەتەوەی جیاواز تێیدا بەشدار بوون.
بەڕێوەبەرایەتی وەرزش و قەهرەمانی ئێران، لە پارێزگای (مازندەران- ساری) پێشبڕکێیەکی بۆ پانزە نەتەوەیی جیھان رێکخست، پێنج خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی خەڵکی دھۆک، گەرمیان و سەیدسادقن، پلەی سێیەمیان بەدەستھێناو میدالیای بڕۆنزیان بەدەستهێنا.
ئەو پێشبڕکێیەی رێکخرابوو، لە چوارچێوە و بەشداری یاری (dodgeball)بوو کە بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی زانکۆکان رێکبخرێت، کە خوێندکارانی زانکۆکان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان تێیدا بەشدار دەبن.
بۆ ئەمساڵ، 20 زانکۆ لە 15 وڵاتی جیهان، لەوانە (مەغریب، عێراق، لوبنان، تەنزانیا، سلۆڤینیا، ئەفغانستان، پاکستان، هندستان، سۆماڵ، نەیجیریا، غانا، رووسیا، کوەیت، سوریا) بەشداریای کردبوو.
راستی عەبدوڵڵا، یەکێک لە خوێندکارە سەرکەوتووەکانی پێشبڕکێیەکە لە مازندەرانەوە لە رێگەی مەسنجەرەوە قسەی بۆ +964 کردووەو دەڵێ؛ وەک خوێندکارێکی هەڵبژێردراوی زانکۆی پزیشکی کرماشان لە نەتەوەی کورد بەشداریمان کردووە، سەرەڕای دروستکردنی گیروگرفت بۆمان لەلایەن رێکخەرانی پێشبڕکێیەکەوە بە بیانووی ئەوەی تاکە تیمی کورد بووین، بەڵام توانیمان سەرکەوتوو بین.
پاڵەوانیەتییەکە بۆ ئەو خوێندکارانەیە کە لە زانکۆکانی ئێران دەخوێنن، خوێندکارە کوردەکانیش، کە ژمارەین پێنج خوێندکار بووە لە پاڵەوانیەتییەکە توانیویانە پلەی سێیەم لەسەر ئاستی پاڵەوانێتیەکە مسۆگەر بکەن و میدالیای بڕۆنز بەدەست بهێنین.
+964 دەزانێت، هەر پێنج یاریزانەکە، خەڵکی ناوچەكانی دهۆک، گەرمیان و سەیدسادق.
پلەی یەکەمی پاڵەوانیەتییەکە، خوێندکارێکی عەرەب بردی لە زانکۆی شیراز، پلەی دووەم بۆ زانکۆی ئورومییە بووە کە یاریزانێکی هیندی بوو.
راستی عەبدوڵلا دەڵێت؛ لە پێشبرکێیەکە غەدری زۆریان لێکراوەو هەر لە قۆناغی کۆمەڵەکانەوە فێڵمان لێکرا تا کۆتاییەکەی، چونکە لیژنەی داوەران فارس و تورک بوون، ھەتا راهێنەری شیراز و ئورومیەش وتیان کە بەهێزترین تیم، ئێوە بوون.