دهۆكیەكان نارازین لە زەیتی بایەعیەكە

+964

هێڤی دێوالی- دهۆك

بەشێك لە هاوڵاتیانی دهۆك ناڕازین لە زەیتی بەشەخۆراكی مانگانە و دەڵێن بۆنی ماسی لێدێت.

ئەم مانگە بۆ هەر هاوڵاتیەك یەك دەبە زەیت دراوە بە هاوڵاتیان لە بەشەخۆراكی مانگانە، بەڵام هاوڵاتیان لێی ناڕازین و دەڵێن، بۆنی ماسی لێدێت و كوالێتیەكەشی خراپە.

رێكەوت نهێلی، هاوڵاتیەكی دانیشتوی دهۆكە قسەی بۆ +964 كردووەو دەڵێ؛ چەند مانگێكە ئەو زەیتەی وەریدەگرین بەكاری ناهێنین، خێزانەكەم دەڵێت بۆنێكی زۆر ناخۆشی لێدێت وەك بۆنی ماسی وایە، لە كاتی دروستكردنی خواردنیشدا هیچ تامێكی نییە، ئەمەش وایکردووە پشت لە زەیت بایەعی بکەم و بیفرۆشمەوەو زەیتی دیکە بکڕم.

یەك لیتر زەیت لە بازاڕەكانی دهۆكدا لە جۆری كوالیتی باش بە سێ هەزار دینارە  لە جۆری كوالیتی زۆر بەرزیش کە زەیتی زەیتونە، نرخەکەی لەنێوان هەشت بۆ 10 هەزار دینارە.

خالید حاجی، بریكاری دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانەی هاوڵاتیانە لە دهۆك دەڵێت؛ زۆربەی ئەو كەسانەی لەلای ئێمە بەشەخۆراك وەردەگرن گلەییان زۆر هەیە لە زەیتەكە، بۆیە دەیفرۆشنەوەو وەریناگرن و دەچن لە بازار زەیتی دیكە دەكرن.

ئەوزەیتەی لە بەشە خۆراكی مانگانە دابەشدەكرێت بە هەزار و 500 دینار دەفرۆشرێت لە بازاردا.

بە قسەی بریکاری دابەشکردنی بەشە خۆراک بێت، هاوڵاتیان تەنیا گلەییان لە زەیتەکە نییە، بەڵكو برنج و شەكر و نیسك و خواردەمەنیەكانی دیكەش گلەیی زۆری لێدەكرێت.