لەلایەن حکومەتی عێراقەوە
رێگای نێوان کفری – دووزخورماتوو دەکرێت بە دووساید
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لە سەر داوای کۆمەڵێک چالاکوانی کفری و گەرمیان، حکومەتی عێراقی رێگای نێوان کفری – دووزخورماتوو دەکات بە دوو ساید.
رێگاکە کە لە کفریەوە دەست پێدەکات بۆ بازگەی سلێمان بەگ و بە قۆری چایی بەناوبانگە رۆژانە هاتوچۆیەکی زۆری لەسەرە بە تەواوبوونی کار ئاانی زۆر بۆ شۆفێران دەکات.
رێگاکە جگە لەوەی یەک سایدە قیرەکەشی بەتەواوەتی تێکچووە و چەندین بازگەی هێزە عێراقیەکانیشی تیادایە و ئاستەنگی هاتوچۆ زۆر دروستدەکات.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بە پێی نوسراوێک کە لە 2.10.2023 و بە ژمارە 19526 دەرچووە ئاماژەی بەوەکردووە کە قۆناغی رووپێوی تەواو بووە و ماوەتەوە دیزاین بکرێت و دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت.
شوان جەلال سەرپەرشتیاری گروپی رێگا کە داوای بە دووسایدکردنی ئەو رێگایان کردبوو بە 964ـی وت، لەئێستادا قۆناغى رێگاکە گەشتووە بە ئامادەکردنى دیزاین و تەواوکردنى پێداویستییەکانى جێبەجێکردنی پرۆژەکە بەهەماهەنگى لەگەڵ فەرمانگەى رێگاوبان و پردەکانى پارێزگاى دیالە.
وتیشی، دەستپێکردنی پڕۆژەکە بە ئەگەری زۆرەوە لە سەرەتای ساڵی داهاتوەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون و چاودێریکردنی رێکارەکانی بە دووسایدکردنی رێگاکە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی