ئەمجارەش کۆتایی دنیا دواکەوت

کلاسیکۆی حەسەن نەسروڵا بێ زیان کۆتایی هات

964+

ژووری هەواڵ

هەموو دنیا چاوی لە کلاسیکۆ بوو، بەڵام ئەنجامەکەی ئەوە نەبوو کە چاوەڕوان دەکرا، کلاسیکۆی ئەمڕۆ لە نێوان حەسەن نەسروڵای ئەمینداری گشتی حیزبوڵای لوبنانی و ئیسرائیل بوو.

رۆژنامەی هارێتز ئیسرائیلی یەک رۆژ پێش وتارەکەی حەسەن نەسروڵا نوسیبووی: هەموو دنیا چاوەڕێی ئەو وتارە دەکات، بەجۆرێک بینەری ئەم وتارە لە بینەری هەردوو کلاسیکۆی ئیسپانی و ئینگلیزی پێکەوە زیاتر دەبێت.

کلاسیکۆی ئیسپانیا بەرشەلۆنە و ریال مەدریدن، ئەوەی ئینگلتەراش مانچستەر یونایتد و لیڤەرپوڵن، بینەری هەردووکیان پێکەوە ملیارێک تێدەپەڕێنێت.

حیزبوڵا سێ رۆژ زیاترە بانگەشە بۆ ئەو وتارە دەکات و ئیسرائیلی پێ دەترسێنێت، چونکە ئەگەر نەسروڵا رایبگەیاندایە کە دێتە ناو شەڕەکەوە، ئەوە پاروویەکی ئەوەندە ئاسان نەدەبوو، ئەمە جگە لەوەی ئێرانیشی پێوە دەهات.

هارێتز نوسیبووی: وتارەکەی حەسەن نەسروڵا سێ سیناریۆیەو چوارەمی نییە:
سیناریۆی یەکەم: بەگشتی قسە دەکات و دەڵێت دواجار سەرکەوتن هەر بۆ غەزە دەبێت.
سیناریۆی دووەم: چەند هێڵێکی سوور بۆ ئیسرائیل دادەنێت و هەڕەشە لە ئیسرائیل و ئەمریکا دەکات، رۆژنامەکە دەڵێت ئەمە زیاتر رێی تێدەچێت.
سیناریۆی سێیەم: ناونراوە سیناریۆی ”ئارماگدۆن” ئەویش ئەوەیە نەسروڵا لە ساتی یەکەمی وتارەکەی رایبگەیەنێت کە موشەکەکانیان هەڵدراون بەرەو تەلئەبیب و سوپاکەی گەیشتووەتە ناو شاری جەلیل، رۆژنامەکە دەڵێت هەرچەند ئەم سیناریۆیە دوورە، بەڵام دامەزراوە سەربازییەکانی ئیسرائیل هەزار حیسابی بۆ دەکەن.

ئەرماگدۆن وشەیەکی یۆنانی کۆنەو بە مانای کۆتایی دنیا دێت.

سەرەنجام وتارەکە پێشکەشکراو ئەوەی دووەم راست بوو.

حەسەن نەسروڵا نزیکەی سەعات و نیوێک قسەی کرد، 964 بەشێکی گرنگی وتارەکەی کردووە بە کوردییەکی جوان و روون و رەوان.

نەسروڵا وتی ئەمریکا جوابی بۆ ناردووین ئەگەر بچینە ناو شەڕەکە، نەک لوبنان، بەڵکو ئێرانیش بۆردومان دەکات، وتیشی ”ئەو کەشتیگەلەی ئەمریکا لە دەریای ناوەڕاست دایناوەو هەڕەشەی پێدەکات، لێی ناترسین و کەرەستەی خۆیمان بۆ ئامادە کردووە”.

جەماوەرێکی زۆری حیزبوڵا لە گۆڕەپانە گشتییەکان کۆبووبوونەوەو لە بەینی قسەکانیدا هاواریان دەکرد ”لەبەیکە یا نەسروڵا”.

نەسروڵا وتی ئێمە ئاگاداری پلانی ”تۆفانی ئەقسا” نەبووین، بەڵام رۆژێک دوای ئەوە چووینە ناو شەڕەکە و لە بنکەکانی ئیسرائیلمان داوە.