وێنەی قەڵات هەولێری دەڤەری پشدەر. وێنە:964+
مێژووەکەی بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟
“قەڵات هەولێر”ی دەڤەری پشدەرت بینیوە؟
964+
محەمەد عەلی – پشدەر
لەقەزای پشدەر قەڵاتێکی شوێنەواری دیکە هەیە، پێی دەڵێن “قەڵات هەولێر”، دەکەوێتە باشوری رۆژهەڵاتی قەڵادزێ.
بارزان شێخ بایز بەڕێوەبەری شوێنەواری راپەڕین بە 964ـی وت، “بۆچونێک هەیە ئەو شوێنە لە کۆندا ناوی قەڵات (هەڵدێر) بوبێت، دواتر ناوەکەی گۆڕابێت بوبێت بە قەڵات هەولێر، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی شوێنەواری بۆ ئەوە نییە”.
بەڕێوەبەری شوێنەواری راپەڕین ئەوەش دەڵێت، لە 2013-ەوە دوای روپێویکردن بۆ ناوچە شوێنەواریەکانی ئیدارەی راپەڕین، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری ئیدارەی راپەڕین و تیمێکی فەڕەنسی وەکو ناوچەیەکی شوێنەواری ناسێنراوەوە، و بڕیارە لە داهاتوو کنە و پشکنینی بۆ بکرێت، لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار بەقەڵات هەولێر ناوی تۆمار کراوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی شوێنەواری راپەڕین، لەو پشدەر 200 شوێنەواری تۆمارکراو هەیە، کاری روپێویان بۆ ئەنجامدراوە.
بهکر قاسم، شوێنەوارناسی زانکۆی راپەڕین بە 964ـى وت، “قەڵات هەولێری دەڤەری پشدەر مێژووەکەی بۆسەردەمی یۆنانی و پێش یۆنانیەکانیش ئەسکەندەری مەکدۆنی دەگەڕێتەوە، ئەمەش بەپێی ئەو گۆڕانەی لەو ناوچەیە دۆزراونەتەوە”.
ئەو شوێنەوارناسە دەڵێت، “لە گۆڕێکی ئەو قەڵایە دراوێک جۆری (ئەوبول) دۆزراوەتەوە کە لەدەمی مردوویەکدا بووە، باوەڕی کۆن وابووە، ئەگەر پارە بخەیتە دەمی مردوو رۆحی ئەو کەسە دەگوازرێتەوە بۆ جیهانی مردووەکان”.
زانیارییەکان لەبارەی قەڵات هەولێر ئەوەیە رووبەرەکەی 4700 مەتر دوجایە، بەگرد و تەپۆلکە دەورە دراوە، ئاسەواری هەندێک خاڵی پاسەوانی قەڵاکە دەردەکەوێت.