لە 2022 هیچ پرۆژەیەکی رۆشنبیری و پەروەردەیی جێبەجێ نەکراوە

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لە کۆی 89 پڕۆژەی وەبەرهێنان کە لە ساڵی 2022 مۆڵەتیان پێ دراوە لە هەرێمی کوردستان، هیچ پڕۆژەیەکی پەروەردەیی، رۆشنبیری و کەلتوریی تێدا نییە.

بە قسەی وەبەرهێنان، هەموو ئاسانکارییەک بۆ ئەو پڕۆژانە دەکرێت، بەڵام کەس داوای ناکات و پارەی تیا سەرف ناکات.

بە پێی ئاماری دەستەی وەبەرهێنان، کە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە ساڵی 2022دا، 89 پرۆژەی وەبەرهێنان بە گوژمەی دوو ملیار و 135 ملیۆن و 418 هەزار و 819 دۆلار لەسەر رووبەری دوو هەزار و 395 دۆنم زەوی مۆڵەتیان وەرگرتووە.

هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری مۆڵەت لە دەستەی وەبەرهێنان بە +964ی راگەیاند، ستراتیژی کابینەی نۆ لە وەبەرهێناندا لەسەر پیشەسازی و بازرگانی و گەشتوگوزار و لایەنەکانی تری وەک پەروەردە و رۆشنبیرییە.

دەشڵێت، “ئێمە زۆر هاوکاری و ئاسانکاری بۆ هەر وەبەرهێنێک دەکەین لەو بوارەدا پڕۆژە پێشکەش بکات، بەڵام هیچ پڕۆژەیەکمان لەو بوارانەدا بۆ نەهاتووە تاوەکو لێکۆڵینەوەیان تێدا بکەین و مۆڵەتیان پێ بدەین”.

بە سۆراغی 964+، لە هەزار و ٢٨٨ پڕۆژەی وەبەرهێنان کە لە ماوەی کابینەی نۆ مۆڵەتی جێبەجێکردنیان پێ دراوە، تەنیا یەک پڕۆژەی رۆشنبیریی تێدایە.

ئەو تاقە پڕۆژەیەش لە شاری هەولێرە و سەنتەرێکی راهێنانی هونەرییە.