نەمام و گوڵ بەرهەم دەهێنێت
شارەوانی رانیە شەتڵگەیەکی نوێ دروست دەکات
964+
پێشەوا محەمەد
شارەوانی رانیە لەسەر دوو دۆنم زەوی دوو خانووی پلاستیکی دروست دەکات و دەبێتە شەتڵگەی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی نەمام و گوڵ.
لە ئێستادا کارکردن لە دروستکردنی خانووە پلاستیکییەکان بەردەوامە و بڕیارە لە ماوەیەکی کەمدا تەواو بکرێن.
بەرهەم رەسوڵ، سەرۆکی شارەوانی رانییە بە 964ـی راگەیاند، پێشتر شەتڵگەیەکی بچووکیان هەبووە و بەشی نەکردوون بۆیە بڕیاریان داوە ئەو دوو خانووە پلاستیکییە دروست بکەن.
وتیشی، “بەرهەمی نەمام و گوڵەکانی بۆ ناو باخچەکانی سنووڕی رانیە و ئەو فەرمانگانەیە کە پێویستیان پێی دەبێت”.
لەناو رانییە 45 باخچە بوونیان هەیە لەگەڵ یەک پارکی گەورە.
“چەند ساڵێکە بەهۆی نەبوونی بوودجەوە نەمانتوانیووە رێژەی سەوزایی لە سنوورەکە زیاد بکەین و تەنیا هەوڵمانداوە ئەوە بپارێزین کە هەیە”، ئەوەش قسەی بەرهەم رەسوڵە”.
لە ئیدارەی راپەڕین رێژەی سەوزایی لە ناوچەکانیدا جیاوازە و لەنێوان 5% بۆ 13%ـیە.