یەک پەنجەی هەیە و چۆکی بۆ ژیان دانەداوە

+964

ئاسۆ وەرتی – سۆران

ڤیدیۆ

تەیب موعتەسەمی 47 ساڵ، لەگەڵ ئەوەی لە زگماکەوە تەنها یەک پەنجەی کار دەکات، بەڵام کۆڵی نەداوە. ئەو شێوەکارە و شارەزای بوواری ئایتییە و ئێستاش دوکانێکی هەیە سەرقاڵی کاری نەخشەسازی و گرافیک دەکات.

تەیب لەدایکبووی شاری رەواندزە و هەر لەوێش دادەنیشێت. لەگەڵ دایک و دوو خوشکیدا لە ماڵێکدا دەژین و ئەو بژێویی ژیانیان دابین دەکات. تەیب بەهۆی ئەوەی سەداسەدی جەستەی کار ناکات بۆیە نەیتوانیوە هاوسەرگیری بکات.

“نەمتوانی بچمە خوێندن، بەڵام لە ماڵەوە خۆم فێری خوێندنەوە و نووسین کرد”، تەیب موعتەسم وای بە +964 وت.

ساڵی 1998 کاتێک تەمەنی 23 ساڵ دەبێت باوکی کۆچی دوایی دەکات. ئەوەش باری سەرشانی تەیب قورستر دەکات سەرەڕای ئەو بارودۆخەی خۆی تێیدایەتی.

لە تەمەنی هەرزەکارییەوە سەرقاڵی کاری شێوەکاری دەبێت، “یانزە پێشانگای تایبەتم هەیە، ئەندامی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی رەواندزم و دەستەی دامەزرێنەری هاوڕێیانی کتێبم.”

موعتەسەم لەگەڵ گەورەبوونیدا جەستەی زیاتر بەرەو لاوازبوون دەچێت، بۆیە دوکانێک دەدات و دەست بەکاری نەخشەسازی و گرافیک دەکات.

دەڵێت؛ “نەخشەسازیی بەرگی 100 کتێبم کردووە، چەندان لۆگۆی جۆراوجۆرم بۆ سەنتەر و رێکخراوەکان دروست کردووە.”

دراوسێ دوکانەکانی زۆر هاوکارمن، بەتایبەت لە کاتی هاتن و رۆیشتن داووژ.

“داوا دەکەم کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بێهیوا نەبن لە ژیان و هەمیشە هەوڵی سەرکەوتن بدەن”، تەیب موعتەسەم خۆی وا دەڵێت.