ئایا موچە بە دۆلار دابەش دەکرێت؟

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار چەند پەرلەمانتارێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای دابەشکردنی موچە دەکەن بە دۆلار. سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، دراوی عێراق دینارە و پەرلەمان و بانکی ناوەندی و حکومەت ئەو پێشنیازە قبوڵ ناکەن.

لەم هەفتەیەدا نرخی دۆلار تا نزیکی 160 هەزار دینار بەرز بووەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی 100 دۆلار بە 151 هەزار و 500 دینارە.

بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ +964ـی روونکردەوە، دراوی عێراق دینارە و ئەو پێشنیارە قبوڵ ناکرێت موچە بە دۆلار دابەش بکرێت.

“حکومەتی عێراق داهاتی نەوت بە دۆلار وەردەگرێت، بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار لە ١٢٥ هەزارەوە بۆ ١٤٧ هەزار بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانە داراییەکەی بوو، ئەگەر بە دۆلار موچە بدات ئەو کورتهێنانە روودەداتەوە”، ئەو پەرلەمانتارە وا دەڵێت.

بانکی ناوەندیی عێراق دڵنیاییداوە کە بەرزبوونەوەی دۆلار کاتییە و دەچێتەوە جێگەی خۆی کە 146 بۆ 147 هەزار دینارە بۆ هەر 100 دۆلارێک.

زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان پێی وایە عێراق پێویستی بە دابەشکردنی موچە بە دۆلار نییە، چونکە 95 ملیار دۆلار و 130 تۆن زێڕ یەدەگیەتی و ئەم بارودۆخە کاریگەریی لەسەر دروست ناکات.

ناوبراو بە +964ـی وت، “لە هەرێم و عێراقیش دابەشکردنی موچە بە دۆلار رێگە درووستەکە نییە، چونکە دواجار زەرەرمەندەکە هەر هاوڵاتیان دەبن و دراوی عێراقیش دینارە و دەبێت بەو دراوە موچە بدرێت.”