کتێبخانەیەکی کوردیی تەمەن 80 ساڵە لە سوریا دادەخرێت

+964

فەهمی نەبی – هەولێر

کتێبخانەیەکی کوردیی، لە شاری لازقیەی سوریا کە تەمەنی 80 ساڵە و خاوەنداریەتییەکەی بۆ کەسێک بەناوی یوسف کوردی دەگەڕێتەوە، بەهۆی ئەو فشارە ئابورییانەی لەسەریەتی دادەخرێت.

کتێبخانەکە ناوی “کتێبخانەی کوردیی”ە، سەرپەرشتیارەکەی دەڵێت، بەشێوەی ئۆنڵاین بەردەوام دەبن.

رۆژی چوارشەممە، 28ی کانونی یەکەمی 2022، پەڕەی فەرمی کتێبخانەی کوردیی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە بەهۆی نەبوونی کڕیار و بێبازاڕی کتێبخانەکە دادەخرێت.

کتێبخانەی کوردیی، یەکێکە لە کۆنترین کتێبخانەکانی پارێزگاکە، لە ساڵی 1940 بۆ یەکەمجار لە شاری جەبلەی سوریا دامەزراوە.

 ساڵی 1963 کتێبخانەکە دەهێنرێتە شاری لازقییە، دواتر لە ساڵی 1970 کتێبخانەی کوردیی گەورەتر دەکرێت، وەک گەورەترین کتێبخانەی شارەکە دەناسێنرێت.

وەلید کوردی، کوڕەزای یوسف کوردی دامەزرێنەری کتێبخانەکە، لە هەژماری فەیسبووکەکە نوسیویەتی، “بەهۆی ئاسان دەستکەوتنی کتێب بەشێوەی ئەلیکترۆنی و ئەو دزییە ئاشکراییەی بۆ لەچاپدانەوەی کتێب  هەیە، بازاڕی کتێبی چاپی کاغەزیی کەمبووەتەوە، جگە لەوەی دۆخی ئابووری سوریا بەهۆی جەنگەوە بە تەواوی بازاڕی کتێبی نەهێشتووە، بەڵام بەشێوەی ئۆنڵاین بەردەوام دەبین”.

پارێزگای لازقیە، دەکەوێتە رۆژهەڵاتی دەریای سپی، پێنجەم گەورەترین پارێزگای سوریایە و 335 کیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەختەوە دوورە.