خۆڵ و خاشاک دانیشتوانی دۆڵی شاورێی بێزار کردووە

964+

ژێوار خدر – راپەڕین

سەرەڕای هەبوونی خواردنگە و سەیرانگای زۆر و هاتوچۆی گەشتیاران بە بەردەوامی لە دۆڵی شاورێ، رێگاکانی پاک ناکرێنەوە و گردتی دروستکردووە.

ئەوەش جگە لەوەی ژینگەی ناوچەکەی پیس کردووە و سیمایەکی ناشرینی بە شوێنەکە بەخشیوە خاوەن چێشتخانە و سەیرانگاکانیشی بێزار کردووە.

ئیبراهیم جەنگی خاوەنی یەکێک لە رێستۆرانتەکانی دۆڵی شاورێ بە 964ـی وت، کۆمپانیای پاککەرەوە هەفتەی یەک جار خۆڵ و خاشاکی ئەو ناوچەیە کۆدەکەنەوە، ئەوەش وایکردووە بۆنێکی ناخۆش لەو ناوە بڵاوبێتەوە.

وتیشی، “ئێمە خۆمان شوێنێکی داخراومان درووست کردووە بۆ ئەوەی رێگری بکەین لە بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش، بەڵام بەتایبەت لە وەرزی هاویندا بۆنەکە زۆر زیاترە و بەو هۆیەش کەمتر خەڵک سەردانی رێستۆرانەتەکەمان دەکەن”.

مستەفا زرار دانیشتوی گوندی کەڕەکە لە دۆڵی شاورێ قسەی بۆ 964 کرد و وتی، کۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاک زیانی بە خاوەن ئاژەڵەکانی ئەم ناوچەیە گەیاندووە، چونکە زۆرجار ئاژەڵەکان پاشماوەی خۆڵ و خاشاکەکە دەخۆن و توشی نەخۆشی دەبن و مردار دەبنەوە.

هونەر ئیبراهیم لێپرسراوی ژینگە لە شارەوانی ناحیەی سەرکەپکان بە 964ـی وت، ئەوان وەک هاوکاری خۆڵ و خاشاکی ناوچەکە کۆ دەکەنەوە و ئەرک نییە لەسەریان بەهۆی ئەوەی حکومەت هیچ باجێک لە دانیشتوانەکەی وەرناگرێت، بەڵام خەڵکەکە خۆشیان کەمتەرخەمن و خۆڵو خاشاکەکە بە بڵاوی دادەنێن و هاوکاری کارمەندەکانی شارەوانی نین.

دۆڵی شاورێ یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییەکانی سنوری ئیدارەی راپەڕین و سێ رێستۆرانت و زیاتر لە 20 سەیرانگای لێیە، 55 گوند لەخۆ دەگرێت، کە سەر بە ناحیەی سەرکەپکانن لە قەزای رانیە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی