كڕین‌و فرۆشتنی‌ جنۆكه‌ په‌ره‌ی‌ سه‌ندووه‌

“ژنێك بایی ملیۆنێک دینار جنۆكه‌ی‌ کڕیوە”

میدیازان – دیلان محەمەد – سلێمانی

مامۆستایەکی ئاینی باس لە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی جنۆكه‌ دەکات لە هەرێمی کوردستان، دەڵێت خەڵک هەیە هاتووە بۆ لام “بایی یەک ملیۆن دینار جنی کڕیوە تا بیپارێزێت لە خەڵکی.”

ئەحمەد شەشکی بە میدیازانی راگەیاند، کۆمەڵێک خەڵک بە ناوی مامۆستای ئاینی و شێخ کەسانێک روویان تێدەکەن کە گیرۆدەی دەستی نەخۆشی دەرونی و سیحرن، شێوازێکی ھەڵخەڵەتاندن دروست دەبێت، وەک دەرکردنی جنۆكه‌ لە لەشیان بەرامبەر بڕێک پارە و دانانی جنێکی تر بەرامبەر بڕێک پارە کە گوایە ئەو کەسە دەپارێزێت.

ئەو مامۆستا ئاینییە باس لەوە دەکات کەسێک بایی ملیۆنێک دینار جنۆكه‌ی‌ فرۆشتووە بە ئافرەتێک و گفتی پێداوە کە گوایە ئەم جنۆكانه‌ دەیپارێزن.

“ئافرەتێک ھاتووەتە لای ئێمە تا ئێستا بایی ملیۆنێک جنۆكه‌ی‌ کڕیوە، بە واتای چەند جنۆكه‌یه‌كی‌ بۆدانراوە کە بیپارێزیت لە خەڵکی،” ئەمە قسەی ئەحمەد شەشکی مامۆستای ئایینیە بۆ میدیازان.

ئەحمەد شەشکی داوا لە هاوڵاتییان دەکات رونەکەنە ئەو شوێنانە ودەڵێت، ئەو بابەتانە “درۆیەکی شاخدارە” و کەسانێکی نەزان رودەکەنە ئەو شوێنانە.

ھاوژین رەئوف، بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی بە میدیازانی راگەیاند، وەک ئەوقاف بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ کاری دوعا و جادودا نین، رێگا بە ھیچ کەسێک نادرێت ئەو کارانە بکات، ھەر کەسێکیش بیکات بانگی دەکەین و لێپرسینەوەی لێدەکەین، دەشڵێت بڕیارێکی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و ئەوقاف ھەیە بۆ قەدەغە کردنی ئەو کارانە.

باسی لەوەشکرد، تا ئێستا ھیچ ھاوڵاتیەک نەھاتوەتە ئەوقاف و داوای لەسەر کەسێک لەوانەی جادو دەکەن تۆمار نەکردووە، ھەر ھاوڵاتیەک بێت ئەوا بەدواداچوونی بۆ دەکەن.