ژنانی دهۆک 2022ـیان کردە ساڵی کەمان و پیانۆ

+964
هێڤی دێوالی- دهۆك

ئەمساڵ، ساڵی کڕینی ئامێری میوزیک بوو لە لای کچان و ژنانی دهۆک، پیانۆ و کەمانیش زۆرترین خواستییان لەسەر هەبووە.

هاوشانی پرسەکانی دیکەی کات بەسەربردنی وەک بەخێوکردنی ئاژەڵی ماڵی، ئامێرە میوزیکەکانیش لای کچان و ژنان، خەریکە دەچێتە لیستی دڵخوازەکانیان، بۆ ئەمساڵیش لە دهۆک، پیانۆ و کەمان حەشریان کرد و لە تۆپی پڕ فرۆشترین ئامێرە میوزیکەکان بوون.

ئەگەرچی لە دهۆك هیچ گروپێكی میوزیكی تایبەت بە ژنان نییە، بەڵام چەند رێكخراوێك بەشێوەیەکی بەردەوام خولی میوزیك بۆ ژنان دەكەنەوە .

سالار مستەفا، دوکانێکی گەورەی فرۆشتنی ئامێری میوزیکی داناوە، زیاتر لە 23 ساڵە ئەو کارە دەکات.

لە دوکانەکەیدا زیاتر لە 100 جۆری ئامێری میوزیک هەیە کە دایناون بۆ فرۆشتن، بە قسەی خۆی ئەمساڵ، کچان و ژنانی دهۆک حەشریان بە پیانۆ و کەمان کردووە.

ئەو دەڵێت: ئەمساڵ زۆربەی كڕیارەكانم ژن بوون، لە 23 ساڵی رابردوودا هیچ ساڵێک هێندەی ئەمساڵ، ژنان ئامێری میوزیکیان نەکڕیوە. 

“ساڵی رابردوو تەنیا 100 ژن سەردانی دوكانەكەمیان كردووە، بەڵام ئەمساڵ 200 ژن سەردانیان كردووم و زۆربەشیان پیانۆ و کەمانیان كڕیوە”.

لە دوكانەكەی سالار مستەفا، دەف، ساز، گیتار، تار، سێتار، زوڕنا، باڵەبان، پیانۆ، عود و چەندان ئامێری دیكە هەن.

نرخی ئامێرەکان بەگوێرەی کوالێتییان دەگۆڕدرێت، بەڵام عود، گرانترینیانە.