نزیكه‌ى 70% كه‌میان كردووه‌

سەرچاوەی ئاوی بیرەکانی دهۆک مەترسیان لەسەرە

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

رێژەی ئاوی بیرەکانی سنوری پارێزگای دهۆک کەمبووە. بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێر زەویش دەڵێت، ئاستی ئاو لە زۆربەی بیرەکاندا 65% کەمیکردووە.

لە سنوری پارێزگای دهۆک  نزیکەی پێنج هەزار بیری ئاو هەیە و ساڵانە ژمارەیەک بیری دیكه‌ى ئاو دروست دەکرێن.

عەبدولمەجید عه‌بدوڵا، بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی دهۆک بە 964ـى وت، بەهۆی کەمی بارانبارین و وشکەساڵی لە ساڵانی رابردودا ئاستی ئاوی بیرەکانی دهۆک کەمیكردووه‌.

وتیشی “نزیکەی پێنج هەزار بیرمان هەیە، لە ناوچە جیاوازەکانی وه‌ك سێمێل، شێخان، ئاکرێ، بەردەڕەش و ئامێدی دا هه‌ن، كه‌ ئاستیان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازن، بەڵام زۆربەی بیرە ئاوییەکانمان بە ڕێژەی 65%بۆ 70%دابەزیوە”.

بە قسەی ئەو بەڕێوەبەرە، پێویستە ژمارەی بیرەکان کەم بکرێتەوە، هەروەها ژمارەی پۆند و بەنداوەکانی بچووک زیاد بکرێت، ئەمەش بەهۆی مەترسی وشکبوونەوەی ئاوەوە.

به‌قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى ئاوى ژێرزه‌وى دهۆك، پلانیان هەیە لە ساڵانی داهاتوودا کێشەی مەترسی وشکەساڵی لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای دهۆک چارەسەر بکەن.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن