پێنج ماڵ قەرەبوو کراوەتەوە

هاوڵاتیەکی ئاکرێ دەڵێت؛ بەهۆی لافاو هیچم بۆ دەرنەچووە و قەرەبوو نەکراومەتەوە

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

دواین شەپۆلی باران بارین و دروستبوونی لافاو زیانی بە شەش ماڵی ئاکرێ گەیاندبوو، پێنج لەو ماڵانە قەرەبوو کراونەتەوە، تەنیا ماڵێک نەبێت خاوەنەکەی دەڵێت، “ئێمە بێ بەشکراوین”.

ئەشقی سەعدی ئەحمەد، خاوەنی ئەو ماڵەیە کە دەڵێت زیانی بەرکەوتووە و قەرەبوو نەکراوەتەوە، بۆ 964 وتی، “ماڵەکەم لە گەڕەکی سوسنایە لە ئاکرێ، بەهۆی لافاوەوە خانوەکەم رووخا و هیچم بۆ دەرنەچوو، هەر هێندەمان توانی خۆمان و منداڵەکان رزگار بکەین، بەڵام دوای ئەوەی بەسەر ئێمە هات کەس نەهاتووە بەڵامانەوە و قەرەبوو نەکراوینەتەوە”.

ئەو هاوڵاتییە دەڵێت، “خاوەنی حەوت منداڵم و توانای چاککردنەوەی خانوەکەم نییە، خێرخوازێک جێگەی بۆ کردوینەتەوە”.

عقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ لەبارەی کێشەی ئەم هاوڵاتییە بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “بەر لەوەی شەپۆلی باران بارینەکە بێت، ژمارەیەکمان دانا و داوامان کرد هەر ماڵێک پێویستی بە هاوکاری بوو ئاگادارمان بکاتەوە، دوای ئەوەی چەند ماڵێک زیانی بەرکەوتبوو تەلەفونیان کرد و تیمەکانمان راپۆرتیان بۆ نوسین، بەڵام ئەم هاوڵاتییە خۆی کەمتەرخەم بووە و تەلەفونی نەکردووە.

بەڕێوبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ دەڵێت، “ئەگەر ئەو هاوڵاتییە دەستکاری خانوەکەی نەکردووە با سەردانمان بکات لیژنەی بۆ دەنێرین و راپۆرتی قەرەبووی بۆ دەنوسین”.

بەپێی زانیاریەکانی 964 هەر ماڵێک لەوانەی بەهۆی دواین لافاو زیانی بەرکەوتبێت لە ئاکرێ، بڕی دوو ملیۆن و 500 هەزاری وەک قەرەبوو پێدراوە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

ئاکرێ.. ئەو پردانەی لافاو رووخاندنی نۆژەن دەکرێنەوە

ئاکرێ.. ئەو پردانەی لافاو رووخاندنی نۆژەن دەکرێنەوە