سێ یەکەى نیشتەجێبوون بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان

شارى ئۆتیزم” دروست دەکرێت”

964+

وریا فەتاح

لە هەولێر و سلێمانى و دهۆک سێ یەکەى نیشتەجێبون بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دروستدەکرێن، پێشنیارى دروستکردنى شارێکى تایبەتیش بەناوى شارى ئۆتیزم بۆ هەڵگرانى ئۆتیزم، دراوە بە حکومەتى هەرێم.

بەرگەشت ئاکرەیى، وتەبێژى دەستەى وەبەرهێنان بە 964ى وت، سەرۆکى حکومەت رەزامەندیداوە لەسەر دروستکردنى سێ یەکەى نیشتەجێبوون لە هەولێر و سلێمانى و دهۆک، تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.

ئێستا مامەڵەکانى رایکردنى پڕۆژەکان کارى لەسەر دەکرێت و دواى ئەنجامدانى رێکارەکان دەست دەکرێت بە دروستکردنى یەکەکان.

964 لە زارى وتەبێژى دەستەى وەبەرهێنانەوە زانیویەتى، دەستەى وەبەرهێنان پێشنیارى کردووە بۆ حکومەتى هەرێم تا شارێکى تایبەت بە ناوى شارى ئۆتیزم دروست بکرێت.

بەرگەشت ئاکرەیى لە بارەى شارەکەوە، دەڵێت: شارى ئۆتیزم هەموو ئەو مەرج و رێنماییانە لەخۆ دەگرێت، کە پێویستن بۆ ژیانى کەسێک کە هەڵگرى ئۆتیزمە، هەرچەندە ئەو پرسە تەنیا پێشنیارە، بەڵام لە داهاتوودا دەخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە و شارێک بە هەموو تایبەتمەندییەکانییەوە لە هەولێر بۆ هەڵگرانى ئۆتیزم دروست دەکرێت.

“بە بڕیارى محەمەد شوکرى، سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان، گشتاندن بۆ هەموو پڕۆژەکانى نیشتەجێبون کراوە، پێویستە مەرج و رێنماییەکانى تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە پڕۆژەکانیاندا رەچاو بکەن”، بەرگەشت ئاکرەیى واى وت.

سامان حوسێن، سەرۆکى یەکێتیى کەمئەندامانى کوردستان بە 964ى وت،” تا ئێستا لە هەرێمى کوردستان هیچ شار و پڕۆژەیەکى نیشتەجێبونى تایبەت بە کەمئەندامان نییە و لە دروستکردنى بەشێکى زۆریش لە پڕۆژەکانى نیشتەجێبوون و فەرمانگە و قوتابخانەکاندا، رەچاوى تایبەتمەندى کەمئەندامان نەکراوە”.

سامان حوسێن روونیشى کردەوە، لە هەموو دنیادا ژینگەیەکى تایبەت بۆ کەمئەندامان گونجێنراوە، بەڵام لە هەرێمى کوردستان کەمئەندامان لەگەڵ ژینگەکە خۆیان گونجاندووە.

سەنتەرى راهێنانى ئۆتیزم لە قەزاکانى هه‌رێم دەکرێتەوە

سەنتەرى راهێنانى ئۆتیزم لە قەزاکانى هه‌رێم دەکرێتەوە