90 ملیۆن دیناری پێویستە

ئاوەڕۆکەی سەرگەڵو تێکەڵ بە ئاوی خواردنەوەیان دەبێت

964+

پێشەوا محەمەد

ئاوەڕۆکەی گوندی سەرگەڵو تێکەڵ بە ئاوی خواردنەوەیان دەبێت و سەرۆکی شارەوانییەکەشی دەڵێت، بۆ جیاکردنەوەی 90 ملیۆن دیناریان پێویستە و بۆیان دابین ناکەن.

ئاوی پاک و خواردنەوەی سەرگەڵو کەوتووەتە بەشی خوارەوەی گوندەکە، ئاوەڕۆکەشیان لە بەرزایی ماڵەکانەوە تا نزیک کانیاوەکە بۆ کراوە، بەڵام لای کانیاوەکە وازی لێ هێندراوە و ئێستا ئاوەڕۆ و کانیاوەکە تێکەڵی یەک دەبن.

شۆڕش محەمەد، سەرۆکی شارەوانیی سەرگەڵو بە 964ـی راگەیاند، بەشێک لە هاوڵاتیان هەر بەکاری دەهێنن بۆ خواردنەوە هەرچەند مەترسیداریشە، بەڵام وەک دەڵێت، زۆرینەی ماڵەکان بیریان لێداوە و بۆ خواردنەوە بیرەکانی خۆیان بەکاردەهێنن.

سەرگەڵو 200 ماڵی تێدایە و زیاتر لە 750 دانیشتووی هەیە.

“جگە لەوە، ئەو ئاوەی لە سەیرانگای سەرگەڵو هەیە و گەشتیاران بەکاری دەهێنن، هەمان ئەو ئاوەیە کە لەو کانیاوەی سەرگەڵوەوە دەچێت و ئاوەڕۆکەی تێکەڵاو بووە”، ئەوەش قسەی شۆڕش محەمەدە.

وتیشی، “داوایان کردووە پارەیان بۆ دابین بکرێت و ئەو مەترسییە نەهێڵن، بەڵام چەندان جار پێیان وتوون پارە نییە و ناتوانن بۆیان دابین بکەن”.

سەرگەڵو خۆی گوندێکی سەر بە ناحیەی سوورداشە لە قەزای دوکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی، ساڵی 2005 شارەوانییەکی بۆ کراوەتەوە و جگە لە خۆی نۆ گوندی دیکەی لەسەرە و خزمەتگوزارییەکانیان لە ئەستۆی ئەو شارەوانییەیە.

بەر لە وادەی بەفر بارین سەرگەڵو داوای شۆفڵ دەکات

بەر لە وادەی بەفر بارین سەرگەڵو داوای شۆفڵ دەکات