تونێلی دەربەندیخان. وێنە: 964
ئاگادارییەک بۆ شۆفێران
سێ رۆژ بەشێک لە تونێلی دەربەندیخان دادەخرێت
964+
ژووری هەواڵ
ئەو شۆفێرانەی کە رێگەیان دەکەوێتە تونێلی دەربەندیخان، ئاگادار بن لە سبەینێوە بەشێکی تونێلەکە بە هۆی قیرتاوکردن دادەخرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 3.12.2023، سلێمان سەعید، قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی راگەیاند، لە سبەینێ دووشەممەوە بەشی خوارەوەی تونێلی دەربەندیخان دادەخرێت و تا سێ رۆژ ناکرێتەوە.
شۆفێران و هاوڵاتیانی ناوچەی تاوگۆزی و شەمێران، دەتوانن لەو ماوەیەدا، بەشی سەرەوەی تونێلەکە بۆ هاتوچۆ بەکاربهێنن.
لە بارەی هۆکاری داخستنی تونێلەکە، قایمقامی دەربەندیخان وتی، لە بەردەم تونێلەکە رێگەیەکی زیکزاک هەیە، سبەینێ دەستدەکرێت بە قیرتاوکردنی و نابێت ئۆتۆمبێل بەسەریدا بڕوات.
تونێلی دەربەندیخان لە ساڵی 1995 دروستکراوە، درێژییەکەی 720 مەترە، چەندین جار تونێلەکە بە رووداوی هاتوچۆ و رووداوی سروشتی خراپ بووە، لە دواینجاردا لە چواری تشرینی یەکەم، دەستکرا بە نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە.